لە تورکیا چەندین شارەوانی گرنگ هەن کە لە پلەبەندی وەک گەورە شارەوانی هەژمار دەکرێن، بەڵام لە هەر هەموویان گرنگتر شارەوانی ئەستەنبۆلە، ئەوەیش بەهۆی گرنگی ئەم شارە لە بوارەکانی ( سیاسی، ئابووری، پێشەسازی، هەروەها گەشتیاری) هەر بۆیە ئەستەنبۆل بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین شارەوانی دادەنرێت لە سەر ئاستی تورکیا. ئاستی هەناردەکردن لە ئەستەنبۆل %50 ی هەموو هەناردەی تورکیا لە خۆ دەگرێت، ئەستەنبۆل دوای شاری ئیزمیر دەوڵەمندترین شاری تورکیایە لە بواری ئابووری، ئەو شارە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 16 ملیۆن کەس دەبێت بە پایتەختی ئابووری و رۆشەنبیری و کەلتوری لە تورکیا ناسراوە.
لەباری سیاسشەوە، ڕاستە ئەنقەرە بە فەرمی پایتەختی تورکیایە و کۆشکی کۆماری و پەرلەمانی لێیە، بەڵام شاری ئەستەنبۆل هیچی لە ئەنقەڕە کەمتر نیە، مەگەر زیاتر نەبێت، هەر بۆیە لە نێو سیاسیەکانی تورکیا قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێن:- " ئەوەی لە هەڵبژاردن ئەستەنبۆل بدۆڕێنێت وەک ئەوە وایە هەموو تورکیای دۆراند بێت" یان بە پێچەوانەکەیەوە ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە هەموو تورکیای بردۆتەوە.
نموونەش بۆ ئەوەی سەرەوە ئەوەیە رەجەب تەیب ئەردۆگان و پارتەکەی "پارتی داد و گەشەپێدان" AKP، پێش ئەوەی حوکمی تورکیا بگرنە دەست لە ساڵی 2003 لە شارەوانی ئەستەنبۆل بوونە حاکم لە ساڵانی 1998-1994 سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل بەدەست (ئەردۆگان)ەوە بوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هەڵبژاردنی 2019 ی شارەوانییەکان لە ئەستەنبۆل و ئەنقەڕە تووشی شکست بوو، بەشێوەیەک کە هاوپەیمانیەتیەکەی کە لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا MHP بوو، ئەو دوو شارەوانیەی بە قازانجی پارتی گەلی کۆماری CHP دۆڕاند، کە پێشتریش CHP بە بەردەوامی شارەوانی ئیزمیری دەبرەوە، واتا هەڵبژاردنی 2019 بۆ ئەردۆگان و AKP بە دۆڕانیان لە شارەوانی (ئەستەنبۆل، ئەنقەڕە، ئیزمیز) سێ گەورە شاری تورکیایان بە قازنجی CHP دۆڕاند.
بۆیە بە پێوەری "ئەوی ئەستەنبۆل بدۆڕێنێت هەموو تورکیا دەدۆڕێنێت" بوایە دەبوو ئەردۆگان لە هەڵبژاردنی 2023 پەرلەمان و سەرۆکایەتی تووشی شکست بێت، بەڵام وا دەرنەچوو، کە ئەوەشیان هۆکاری خۆی هەیە و جێگای قسەکردن نیە لەم ووتارەماندا.
رۆژی31ی ئاداری 2024 جارێکی دیکە دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دیسان چاوەکان زیاتر کەوتونەتەوە سەر شارەوانی ئەستەنبۆل.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکان هاوپەیمانیەتیەکان بۆ بردنەوەی شارەوانی ئەستەنبۆل گۆڕانیان بەسەر هاتووە، بەرەی دەسەڵات پارتی رەفای بە سەرۆکایەتی فاتح ئەربەکان، کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی لێ جیابۆتەوە، هەروەها گرفتی کاندیدکردنی کەسێکی بەهێزیان هەیە تا بتوانێت رکابەری کاندیدی CHP ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو بکات.
لە بەرامبەردا بەرەی ئۆپزسیۆن پەرت و بڵاوبووە، بەوەی هەریەک ئی پارتی بە سەرۆکایەتی مەڕاڵ ئاکشنەر لە هاوپەیامنیەتی میللەت لەگەڵ CHP نەماوە، دەم پارتیش کە جێگرەوەی هەدپەی جارانە کاندیدی خۆی بۆ شارەوانی ئەستەنبۆل ئاشکرا کرد، ئەوەش بە مانی ئەوە دێت کە ئیدی دەم پارتی پشتیوانی لە کاندیدی CHP (ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو) ناکات.
شایانی باسە، حزبی رەفا کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشتی لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار کردووە لە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2023 کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی گەل لەگەڵ ئەکەپە و مەهەپە هاوپەیمان بووە، توانیبووی 5 کورسی پەرلەمانی بباتەوە و دەنگەکانیشی لەناو ئەستەنبۆل 3.2 ٪ بووە، بۆیە ئەردۆگان هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە حزبی رەفا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەگەڵ ئەکەپە بمێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە پێیان وایە کە ئەکەپە لەبەرامبەر بەڵێنەکانیان کە بە پارتی رەفایان دابوو ڕستگۆ نەبوونە، هەرەوها لە ئێستادا ئەوان دەنگیان زیادی کردووە بۆیە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی 2024 شارەوانیەکان بەشداری دەکەن.
سەبارەت بەوەی ئایا پارتی ڕەفا کاندیدی بۆ شارەوانی گەورەی ئەستەنبۆل دەبێت، سەرۆکی پارتی ڕەفا فاتح ئەربەکان، باسی لە کاندیکردنی خوشکەکەی ئەلیف ئەربەکان کچی نەجمەدین ئەربەکان سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا کردووە تا ڕکابەری کاندیدەکانی دیکە بکات.
لە نێو ڕکابەری کاندیدەکانی AKP و CHP کە لە ئێستادا رکابەریەکە لە نێوان ئەکرەم ئیمام ئۆغلووی سەرۆکی ئێستای شارەوانی ئەستەنبۆل لە پشکی CHP و موراد کۆروم کاندیدی AKP کە ئێستا وەزیری ژینگە پلاندانان لەسەر پشکی AKP دەنگی دەم پارتی هەیە کە هەموو لایەک دەزانین ئەو دەنگانە لە هەڵبژاردنی 2019 شارەوانیەکان دەنگی یەکلاکەرەوە بوون بۆ بردنەوەی شارەوانیەکانی ئەستەنبۆل و ئەنقەرە بۆ کاندیدەکانی CHP.
ئەوەی دیارە تا ئێستا دەنگی دەم پارتی بۆ هیچ یەک لەم دوو کاندیدەی سەرەوە نیە، بگرە دەم پارتی کاندیدی خۆی هەیە و بەشداری لە شارەوانی ئەستەنبۆل دەکات.
بۆچی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا پشتی لە ئەکەرەم ئیمام ئۆغلوو و CHP کرد؟
ئەو پرسیارە لە کاتێک دەکرێت کە تا هەڵبژاردنی 2023ی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا HDP کە ئێستا لە ژێر ناوی دەم پارتی کار دەکات بۆ خوولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا پشتیوانی لە کاندیدی ئۆپزسیۆن کەمال کلیچدار ئۆغلوو کرد، لەو بارەیەوە HDP کەوتە بەردەم دژایەتی توندی دەسەڵات و باجی زۆری ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپزسیۆنی دا.
بۆیە وەک دەرس وەرگرتنێک لە هەڵەکانی پێشوو، دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی 2024 بە پلان و بەرنامەی ووردتر خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادەکردووە، وە هەر زووش ڕای گەیاندووە کە کاندیدی بۆ شارەوانیە گەورەکان دەبێت بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبۆل.
لە نێو ئەو گەمە سیاسیەدا کە دەم پارتی دەیکات هەر زوو باشاک دەمیرتاش ڕایگەیاند:" ئەگەر پارتەکەی ڕازی بێت ئەو ئامادەیە خۆی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل کاندید بکا"
هەتا ئێستا دەم پارتی لەسەر دوو تەورە کاری کرد، یەکەمیان ئەوە بوو کە ڕایگەیاندبوو کاندیدی بۆ شاری ئەستەنبۆل دەبێت، دووەمیشیان لە دانوستان دابوو لەسەر ئەوەی هەر لایەنێک ئامادەبێت داخوازییەکانی جێبەجێبکات دەم پارتی ئامادەیە کاندیدی خۆی بە قازانجی ئەو لایەنە بکێشێتەوە.
دەم پارتی داوای لە AKP دەکرد بەڵێن بدات کە لەمەودوا قەیوم بەسەر شارەوانییەکان نەسەپێنێت و گۆشەگیری سەر عەبدولڵا ئۆجالان هەڵگرێت، مەرجیشی بۆ جەهەپە ئەوە بوو لە بەرامبەر پشتیوانیکردن لە کاندیدەکانیان لە (ئەستەنبۆل، ئەنقەرە، ئیزمیز) دەبێت جەهەپە کاندیدی لە سێ شارەوانی سنووری ئەستەنبۆل نەبێت و پشتیوانی لە کاندیدەکانی دەم پارتی بکات.
تا نووسینی ئەم ووتارە هیچ یەک لە بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە مەرجەکانی دەم پارتی ڕازی نەبوونە، بۆیە دەم پارتی رۆژی هەینی کاندیدی خۆی بۆ گەورە شارەوانی ئەستەنبۆل ئاشکرا کرد کە بریتین لە هەریەک لە مێڕاڵ دانش بێشتاش و موراد چەپنی.
بۆچی دەم پارتی کاندید بوونی باشاک دەمیرتاشی ڕەتکردەوە؟
کۆمسیۆنی دەستنیشانکردنی کاندیدەکانی دەم پارتی داوای باشاک دەمیرتاشی بۆ کاندید بوون لە کێبڕکێی شارەوانی ئەستەنبۆل ڕەتکردەوە، لە نێو ئەو کۆمسیۆنە زۆرینەی ژنان بوون کە لەگەڵ کانیدکردنی باشاک نەبوونە، ئەوەیش بە هۆکاری ئەوەی باشاک وەک کەسایەتی خۆی دەرنەکەوتووە بەڵکوو هێشتان لەبن سێبەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەری سیاسەت دەکات، بۆیە هێشتان ئامادەنیە بۆ ئەو ئەرکە قورسە کە ڕکابەریە لەسەر پۆستێکی هەستیاری وەک سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل.
پێشتر دەم پارتی ئاشکرای کردبوو ئەگەر لەگەڵ ڕکابەرەکانی نەگاتە ڕێکەوتن ئەوا کاندیدی بەهێزی دەبێت، چونکە دەم پارتی دەزانێت رکابەری گەورە لەسەر پۆستی شارەوانی ئەستەنبۆل دەبێت. ئەگەرچی دەم پارتی باش دەزانێت کە بەدەستهێنانی شارەوانی ئەستەنبۆل نەک هەر ئاسان نیە بگرە زۆریش زەحمەتە، بەڵام نایەوێت بێ بەرامبەر کاندیدێک دەربچوێنێت کە هیچ سوودێکی بۆ ئەو نەبێت، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەو بارەیەوە گووتبووی: ئەکرەم ئیمام ئۆغلومان کردە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆل کەچی هۆڵێکی بە دەم پارتی ڕەوا نەدیت کۆنفراسی خۆمانی تیا ساز بکەین.
رۆژی ٣١/ئاداری ٢٠٢٤، دەنگدەرانی تورکیا و باکووری کوردستان دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 50گەورە شارەوانی و سەدان شارەوانی شارەکان، بەڵام شەڕی گەورە لەو پڕۆسەیەدا لەسەر شارەوانی ئەستەنبۆل دەبێت.