Apora Logo

شیعەو عێراقی نوێ

شیعەو عێراقی نوێ
هەندرێن شێخ راغبهەندرێن شێخ راغب

هەندرێن شێخ راغب

8/2/2024

ماوەی هەزار ساڵ زیاترە، شیعە لە كەعبەو پێگەو ناوەندی سەرەكی خۆی مەحرومە مەبەستم (نەجەف و كەربەلا) یە. ئەم دوو شارە هەمان پێگەی مەككەو مەدینەی هەیە لای شیعەكان. روگەی شیعە لە عێراقە. سونەكان خاوەنی دەسەڵاتی یەكەمی ناو عێراق بوون. بەلام دوای هەزار ساڵ زیاتر، لەم سەری دنیاوە ئەمریكا هات، عێراقی تەخت كرد. نەك نەجەف و كەربەلا بەڵكو بەغداو نەوت و دەسەڵات و خاك و حكومەت و هەموو شتێكی ئەم عێراقەی دایە دەست شیعەكان. كە شیعەكان بەهەزار ساڵ نەیاندەتوانی ئەوە بكەن. بەم پێوەرە ستراتیژیە بێت، دەبوو هیچ كەس بەقەدەر شیعەكان دۆستی ئەمریكا نەبوایە. ملیۆنان كەس بە ئازادی یادی عاشورا دەكەنەوە لە نەجەف و كەربەلا. نەوت و دەسەڵات و پایتەختی عێراق لە دەستی شیعەیەو خۆیان هەموو شتێكن. لەبری ئەوەی عێراقێكی هاوسەنگ دروست بكەن. نەبنە كلكی هیچ هاوكێشەیەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. كەچی كارو كاسبیان بۆتە دروستكردنی میلیشیاو هێرشكردنە سەر ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی. رێك و راست دەبوو یەكەم دۆستی ئەمریكیەكان شیعەكانی عێراق بونایە. بەجۆرێك ئێمە لە ترسی كاردانەوەی شیعەكان نەمانتوانی بوایە جنێوێك بە ئەمریكا بدەین. بەردەوام ئاڵای مەزهەبی و عێراق و ئەمریكایان پێكەوە دانابوایە. چونكە ئەوەی ئەمریكا بۆی كردن هەزار ساڵ زیاترە بەخەونیش نەیاندەتوانی ئەوە بەدەست بهێنن.


ئەمریكا ئۆپەراسیۆنی دژی سونەو رژێمی بەعس ئەنجام دا، كە دوژمنی یەكەمی شیعەكان بوون. ئەوان بوون دژی مەزهەب و تایەفەو خەون و پڕۆژەو هەبونی شیعەكان بوون، نەك ئەمریكا. ئەمریكا نەهاتە عێراق بۆ دژایەتی شیعە بەڵكو هات دوژمنە هەرە سەرسەختەكەی شیعەی لەناوبرد. لەدوای ٢٠٠٣ ەوە ئەمریكا هیچ رێگری نەكرد لەهاتنە سەر حوكمی شیعەكان. بەڵكو بەغداو تەواوی عێراقیان دایە دەست شیعەكان. 


لەم هاوكێشەیە كورد واقعی و سەركەوتووە كە پشتی ئەمریكا بەرنادات، كورد نابێت لەئەمریكا دوور بكەوێتەوە. چونكە ئەم هێزو ناوەندانەی توركیاو ئێران و عێراق هیچ پڕۆژەیەكی چارەسەری راستەقینەی كوردیان پێ نیە، بۆیە گرنگە كورد لەم راستیە خافڵگیر نەبێت. 


ئەگەر گروپە شیعەكان سیاسەتێكی تازە نەگرنە بەر، بەردەوام بن لەسەر دژایەتی ئەمریكا، عێراق بەمجۆرە نامێنێتەوە و سێ سیناریۆ نزیكن:


-ئەمریكا پاڵشتی گەڕانەوەی بەعسیەكان دەكات و ئەگەری كودەتا هەیە لە عێراق.


-هێزێكی هەمەلایەنەی سونە دروست دەكاتەوەو هاوكاریان دەبێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوەندی بڕیاری عێراق و پاشەكشەكردنی شیعە.


-لێدان و روخاندنی شیعەكان و هێنانە سەركاری نوخبەیەكی سیاسی عێراقی مەیل نەتەوەیی و عەلمانی و تەكنۆكرات. 


بەكورتی بەهەر لایەكدا بێت لە خزمەتی هەژمون و دەسەڵات و مانەوەی دەسەڵاتی رەهای شیعەكان نیە لە عێراق. شیعەكان شكستیان هێنا لە دروستكردنی عێراقی نوێ و هاوسەنگ. لەبری گواستنەوەی ئەزمونی فیدڕاڵی ئیمارات، خەریكی كۆپی كردنی ئەزمونی ئێرانن سەد دەر سەد. كە دەیان وتاری دەوێت بۆ قسەكردن لەسەر جیاوازی و كێشەو ئاڵنگاری و ناكۆكی هەردوو ئەزمونەكەی ئێران و عێراق و دواتر چاولێكردنی ئەزمونی فیدڕاڵیزەكردنی ئیمارات. بەلام ئەمە سەرەداوێك بوو باسم كرد بۆ رۆشنایی زیاتری ئەو حەقیقەتەی كە شیعەكان لە دروستكردنی عێراقی نوێ شكست خواردووبون.


;