پەیوەندی ئاڵۆزی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، دراوسێکانی ئێران و تورکیا؛ گەورەترین سەختی و
ئاڵەنگارییە لەبەردەم قەوارە و حوکمڕانییەکەیدا. خواستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئۆتۆنۆمی زیاتر یان سەربەخۆیی، کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەو پەیوەندییانە و رۆڵی هەرێم لە داینامیکی ئیقلیمیدا. حکومەتی عێراق، لەدوای ریفراندۆمەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم زیاتر دوژمنکارانە دەردەکەون، کۆنتڕۆڵکردنەوەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، داهاتە نەوتییەکان و هەڕەشەی دەستبەسەراگرتنی خاڵە سنورییەکان و تەرخانکردنی بودجە، پشتبەستوو بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی، گرفتی زۆریان بۆ حوکمڕانی هەرێم لەناوخۆدا و لەگەڵ بەغدا و هەروەها بۆ ئابووری و داینامیکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە ناوخۆییەکەی دروست کردووە. ئێران و تورکیا؛ لە سی ساڵی رابردوودا، هەمیشە بەچاوی گومان و نیگەرانییەوە دەڕواننە هەنگاوەکانی کوردی باشور، دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی خۆیان دەزانن، بەهۆی بوونی کوردستان لەچوارچێوەی وڵاتەکانی ئەوانیشدا (رۆژهەڵات و باکور). دەستێوەردانی سیاسی و دەستدرێژی سەربازی، ئەم دوو وڵاتە بەرامبەر بە هەرێم ستراتیژێکی نەگۆڕە لەلایان.
بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە پەیڕەوکردنی ستراتیژێکی فرەلایەنە هەیە. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکات، خواستە نەتەوەییەکانی و گەشەکردنی حوکمڕانی و ئۆتۆنۆمییەکەی دەبێ هاوسەنگ بێت لەگەڵ واقیعی سیاسی و ژیۆپۆلەتیکی ناوچەکە. لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە پێویستە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و لە هەمان کاتدا پێویستە یارمەتی و هاوئاهەنگییان لەگەڵ سوپا و سیستەمی بەرگریی عێراق باشتر بکەن. سیاسەت و گوتاری واقیعی لە ئێستای ناوچەکە و بۆ هەرێمی کوردستان، تا بتوانێ بەرگەی هەڕەشەکان بگرێ؛ دەبێتە هۆی پتەوکردنی تواناکانی بەرگری و راگرتنی باڵانسێک لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و کەمکردنەوەی ئەگەری ململانێی ناوخۆیی. لەڕووی ئابوورییەوە، هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی لە دەرەوەی نەوت و پەروەردەکردنی مۆدێلێکی ئابووریی بەردەوامتر دەتوانێت وابەستەیی هەرێم بە دەرەوە کەم بکاتەوە. هەرێمی کوردستان بە هاوسەنگ راگرتنی ئامانجە نەتەوەییەکان و دیپلۆماسیی ناوچەیی پراگماتیک و بەهێزکردنی ناوخۆیی، باشتر دەتوانێت رووبەرووی ئەو واقیعە سەختە ژیۆپۆلەتیکەی ئێستای ببێتەوە و پایەکانی مانەوەی خۆی لەم دۆخە ئاڵۆزە ئیقلیمی و جیهانییەدا بەهێزتر بکات.