دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەبەرخۆیی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی فەرمی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی لە عێڕاق ڕاگەیاند. ئیدی لەمەودوا دەبێت حزب و لیستە براوەکان بکەونە خۆیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ درووستکردنی لیستی زۆرینەو دواتریش هەڵبژاردنی پارێزگار لەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنی تیا ئەنجامدراوە.
بۆ ئەم مەبەستە کورد دەبێت شەڕی بەدەستهێنانی پارێزگای کەرکوک بکات، کە پێکهاتەکانی دیکەش بە تایبەت عەرەب داوای دەکات، لە پارێزگای نەینەواش کار بۆ بەدەستهێنانی پۆستی جێگری پارێزگا بکا.
لە چەند ساڵی ڕابردوو بەهۆی دۆخی سیاسی دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر لە کەرکوک، هەروەها ناکۆکیە بەردەوامەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەم شارە، کەرکوک و کەرکوکیەکان باجی دەسەڵاتێکی داسەپاویاندا، کە بەهەر پێوەرێک یاسایی بایە نەدەبوو ئەم چەند ساڵە پارێزگاری کەرکوک لە دەست کورد نەبێت، چونکە کورد لە ئەنجومەنی پارێزگا لیستی زۆرینە بوو (لیستی برایەتی کەرکوک).
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان کە لە 2-23/12/18 لە پانزە پارێزگای عێراق ئەنجامدرا، دەرفەتێک بوو کە کورد بتوانێت کۆتایی بە دۆخی داسەپاوی کەرکوک بهێنێت، چونکە ئەمجارەیان نەتوانرا بە بیانووی داتاشراو ئەو پارێزگایە بێ بەش بکرێت لە دەنگدان، وەک پێشتر کردیان. بەڵام ئەوەی لەو هەڵبژاردنە ڕوویدا ڕێک ئەو نەبوو کە کورد خەونی پێوە دەبینی، ئەویش چەندین هۆکاری لە پشت بوو.
هۆکاری یەکەم ئەوەبوو کە کورد لە هەڵبژاردنی کەرکوک نەیتوانی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی کەرکوک بکات، بۆیە ئەگەرچی کورد دەنگی لە پێشی پێکهاتەکانی دیکەیە (عەرەب- تورکمان) بەڵام هێشتاش بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک پێویستی بە پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیەکە لە نێوانی (یەکێتی و پارتی و کورسی کۆتا) تا بتوانێت زۆرینەی ناو ئەنجومەنی پارێزگا پێکبهێنێت (1+50 ).
لێرەدا دەپرسین ئەرێ پارتی و یەکێتی دەتوانن ئەم هەنگاوە بنێن؟ شایانی باسە، پێکهاتەی عەرەبی کەرکوک وەک کورد بە چەند لیستی جیا چوونە ناو پێشبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، سێ لەم لیستانەیان کە بریتی بوون لە ( بەرەی عەرەبی، عروبە، قیادە) توانیان ٦ کورسی بەدەست بهێنن، بەڵام چونکە دەزانن بە پەرتەوازی لیستەکانیان ناتوانن لە ئاست ئەو بەڵێنانە بن کە بە دەنگدەرانیان داوە، هاتوون هاوپەیمانیەتیەک ڕادەگەیەنن کە تێکڕای کورسیەکانیان دەگاتە 6 کورسی لە کۆی15 کورسی لە کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
شایانی باسە، ئەگەرچی بە پێی یاسای هەموارکراوی ئەنجومەنی پارێزگانی عێراق کە لە ساڵی 2023 بۆ بەشێوەیەکی تایبەت و جیاواز مامەڵە لەگەڵ دەرنجامەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک دەکرێت. ئەویش وەک ئەوەی لە خاڵی (1) ئەم یاسایە هاتووە:-
" ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە بنەمایەک وەرناگیرێت بۆ هیچ دۆخێکی یاسایی و ئیداری بۆ دیاریکردنی داهاتووی پارێزگای کەرکوک" هەروەها لە خاڵی (4)ی یاسای ژمارە(13 ) ی ساڵی 2023 هاتووە دەڵێت :-
" دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان پێکهاتەکان دەبێ بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم دوو خاڵەی ناو یاسای هەڵبژاردن تێدەگەین کە دەبێت براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دابەشکردنی پۆستەکان پڕەنسیپی سازان لەبەرچاو بگرن، بەڵام بە هەر پێوەرێک بێت پۆستی پارێزگا دەبێت بۆ لیستی زۆرینە بێت، کە عەرەب هەنگاوەی یەکەمی بۆ ئەم کارە نا، بەڵام کورد هیشتان لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیە.
پێویستە بوترێت، ڕاگەیەندراوی فەرمی پارتی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن مژدەی ئەو سازانی (پارتی و یەکێتی) پێ نەبوو، ئومێد دەکەین ئەوەیان هەر کاردانەوە بێ و نەبێتە درێژە پێدانی سیاسەتی پێش هەڵبژاردنی ئەو حزبە.