Apora Logo

دوای واژۆکەی سودانی

دوای واژۆکەی سودانی
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

هیوا سەید سەلیم

10/12/2023

 


                                     

 دەڵێن ئەم مانگەش موحەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار وەک قەرز بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد. پڕۆسەی واژۆکردنەکە دوێنێ بووە، واتا رۆژی هەینی، ئیتر ماوە بزانین دوای واژۆکردنەکەی سەرۆک وەزیران ئیدی چی ڕوودەدات؟

جارێ ئەوە بەیانی یەکشەمەیە لە تەواوی فەرمانگەکانی عێراق پشووە، هیچ ڕێکارێکی دیکەی ئیداری بۆ ناردنی پارەکە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق ناگیرێتە بەر. دوای پشووەکەی رۆژی ئازادکردنی عێراق لەدەستی تیرۆرستانی داعش،  مەعلوم نیە تەیف سامی، خانمە توڕەکەی وەزارەتی دارایی بڕیاری سەرۆک وەزیران جێبەجێدەکات،  لە ئازادکردنی ئەو بڕە پارە قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان،  یان جارێکی دیکە دەچێتەوە سەر کەلی شەیتان؟

ئەڕێ ئەوە کەی وەزعە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوون؟ مووچەخۆری هەرێم دەبێت چاوەڕوانی میزاجی جەنابی وەزیر بێ. وا خەریکە ساڵی ٢٠٢٣، بە کۆتا دێت هێشتان لە هەرێمی کوردستان مووچەخۆران  مووچەی مانگی ٩ یان وەرنەگرتووە؟ ئەی بڕیار نەبوو کە ئیدی مووچە تێکەڵاوی ململانێ سیاسیەکان نەکرێت؟

دوای ئەو هەموو چوون و هاتنەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەرێم و بەغدا لەسەر سێ قەرز رێکەوتبوون، بەڵام هەر زوو لەسەر ناونانی ئەو سێ قەرزە ناکۆکی لە نێوان هەردوولا هەبوو، بەغدا قەرزەکانی بەناوی مانگەکانی (١١،١٠،٩) دەنارد، دوو قەرزەکەی یەکەم گەیشتوون و هەرێم بە ناوی مووچەی مانگەکانی (٨،٧) مامەڵەی لەگەڵ ئەو قەرزە کردووە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی قەرزی سێیەمە.

پرسیارەکە لێرەیە ئەرێ حوکمڕانی بە قەرز دەکرێت؟ ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە چارەسەرێکی دیکە بکاتەوە؟ لەوانەیە بپرسن ئەو چارەسەرە چییە؟

دوو ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هیچی دیکە خۆیان و خەڵکی هەرێمی کوردستان  لەبەردەم بەغدا لاواز و ملکەچ نیشان نەدەن.

یەکەمیان دەست لەسەر ئەو هەموو پارە شاراوانە هەڵگرن کە ساڵانێکە لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گل دراونەتەوە، بردراون  بۆ پڕکردنی گیرفانی حزب و بەرپرسە بڕیار بەدەستەکانی حزبە فەرمانڕەواکان.

ڕێگاچارەی دووەمیش ئەوەیە بەرپرسانی کورد لە بەغدا بکشێنەوە، کشانەوە بکەنە کارتی فشار، چونکە ناکرێت ئەوان مانگانە مووچەی قەبەی خۆیان لە بەغدا وەرگرن، بەڵام کە مووچەخۆرێک بیەوێت بەغدا مووچەکەی بدات ئەوا تەخوین بکرێ.

سودانی وا ئەم مانگەش واژۆی لەسەر قەرزەکە کرد، ئەگەرچی ڕوون نیە پارەکە دێت یان نا، چونکە لە زاری وەزیری دارایی هەواڵێک بلاوبۆتەوە کە گوایە گوتوویەتی "چیتر بۆ قەرز مەهێنەوە بۆ بەغدا"، بەڵام با وای دابنێین پارەکە دێت، ئەی مووچەی سێ مانگەکەی دیکە چارەنووسی بە کوێ دەگات؟


;