تێکڕای کورد نا، بگرە ئەوانەی نوێنەرایەتی بزاڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت وەرزشیش دەکەن، جۆرێکن، لەوانە ناچن کە لە نەتەوە جیاجیاکانی جیهان لەو بواردا چالاکن و کار دەکەن. ئێوە وەرن لە هەرێمی کوردستان سەیری چالاکوانانی بواری سیاسەت بکەن، بەراوردیان بکەن بە سیاسەتمەدارانی وڵاتانی دیکە، ئینجا دەزانن ئاسمان و ڕێسمانی جیاوازە یان نا.
سیاسەت لە وڵاتانی پێشکەوتوو بریتیە لە پرۆسەیەک یا شیوازێک لە وەرگرتنی بڕیار بۆ گروپەکان. ھەرچەند باوە کە سیاسەت بە حکومەتەوە وابەستە بێ، بەڵام سیاسەت لە ھەموو چاڵاکییەکانی مرۆڤدا و لە دامەزراوە ئەکادیمیایی و ئایینی و کۆمەلایەتی و بازرگانیەکاندا بوونی هەیە، هەر بەو پێوەرە بێت سیاسەت هەمیشە لە نێوماندایە، بۆیە بە باش کارکردن لەو بوارەدا بەرهەمی باشمان دەست دەکەوێت، بە پێچەوانەکەشی سیاسەتی هەڵە کارەساتی بۆ کۆمەلگا و تاکەکانی کۆمەڵگا درووست دەکات.
بۆیە دەڵێین، هیچمان لە ئەوانی دیکە ناچێت، لێردا سەرەتادا سیاسەت بە نموونە دەهێنینەوە، لەسەر دوو وێستگەی کاری سیاسیەکانی کوردستان هەڵوەستە دەکەین تا بیسەلمێنین چەندە لە بواری سیاسی کۆلەواریین.
نموونەی یەکەممان تایبەتە بە ڕکابەرایەتی لە کاری سیاسی، ئەوانی لە بواری سیاسی کاردەکەن هەمیشە لە چوارچێوەی کاری حزبی و رێکخراوەیی دەچنە ناو ڕکابەرایەتی، کە ئەمەیان کارێکی نۆرمالە، بەلام لە کوردستانی خۆمان ڕکابەرایەتی واتا ئیسک شکاندن و تا ئاستی دووژمنایەتی. بەهۆی لاوازی دیموکراسیەت و سنوورداری ئازادییەکان بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا لە هەڕێمی کورستان هەر کارێک و بزاڤێک کە ناکۆکێک بیت لەگەل سیاسەتی دەسەڵاتداران ئەوان بە دووژمنایەتی و دژ بە دەسەڵات هەژماری دەکەن، پێچەوانەکەشی ڕاستە دەسەلات ئەگەر کاریکی باشیشی کردبێت لای ڕکابەرەکانیان ڕەش کراوەتەوە، کە ئەمەیان ناچێتە ناو چوارچێوەی ڕکابەری بگرە دووژمنایەتیە.
نموونەی دووەم لە بواری وەرزشی باس دەکەین، لەم دوو هەفتەیە دوو ڕووداوی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا، یەکەمیان کلاسیکۆی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە بوو، دووەمیشیان یاری نێوان یانەکانی دهۆک و زاخۆ بوون، لە یەکەمیان کە هاندەرانی هەردوولا لە کافێکان بەیەکەوە سەیری یارییەکانیان دەکرد بینیمان لە بازاڕی ئیسکان چ شەڕێک درووست بوو، لە یاری دووەمیش نەک هاندەران بەربوونە گیانی یەکتری، بەڵکوو هاندەران پەنایان برد بۆ شکاندنی کورسی یاریگاکەش.
خاڵێکی دیکەی ئەوەی کە هیچمان بە ئەوانی دیکە ناچێت، لەوەدایە کە هەمیشە خۆمان پێ بچووکە و قەبولی پاشکۆیەتی ئەوانی دیکە دەکەین. هەر پەیوەست بەم دوو نموونەی لە بواری سیاسەت و وەرزش باسمان کرد دوو نموونە دەهێنینەوە.
لە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بەشێک لە حزب و سیاسیەکان شین بۆ غەزە دەگێڕن کە ئەمەیان کاتێک ئاساییە کە ئەوانو کارەساتەکانی سەر کوردستان بینن و قسەیان لەبارەیەوە هەبێت، رۆژئاوا وەک غەزە ژێرخانەکەی وێران کرا، مزگەوتی کوردستان بۆردومان کرا، کەچی شین بۆ گەزە دەگێڕن و لەبەرامبەر کارەساتی سەر کوردستان بی دەنگن.
لە لایەکی دیکە، دەسەڵاتدارن لە بەر خاتری یاریزان "کەریم بنزیمە" لەبەرزترین ئاستی حکومی پێشوازی لە شاندی یانە سعودیەکە دەکەن، بەلام ٤٠ رۆژە مامۆستایان لەسەر شەقامن، کەچی هەر ئامادەنین نەک پێشوازی لە نوێنەرانیان بکەن، بگرە تا ئێستا نوێنەری حکومەت ئامادە نەبووە بچێتە ناویان گوێ لە داخوازیەکانیان بگرێت.
ئەوەیە کە دەوترێت سیاسەکان کە دەستەبژێری هەر کۆمەلگەیەکن ئەوان وەک ئاوێنەی کۆمەلگا وان، جوان بن کۆمەلگا جوان دیاردەکەوێت ناشیرێن بن کۆمەلگا دەشێویت و ناشیرین دەبێ. مخابن لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان کەمن ئەوانەی کاری خۆیان بە درووستی ئەنجام دەدەن، سیاسی بازرگانە، وەزشکار شەڕکەرە، بازرگان قۆڕغکاری بازاڕە، بۆیە قسەیەک هەیە کە دەوترێت " ئەگەر سیاسەت تێکەلاوی بازرگانی کرا سیاسیەکە کەسێکی گەندەڵی لێدەردەچێت". ئەوەیە کە دەوترێت هیچمان بە ئەوانی دیکە ناچێت.