ئایا کورد لە عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ با بێین لە بنەماکان بنواڕین. ماوەی ڕابوردوو کارم لە سەر پەیوەندی هەرێم و بەغدا کرد بۆ ناوەندێکی بیر. ئەو پرسیارەی بە دوای وەڵامیدا دەگەڕام ئەوە بوو ئایا هەرێم و بەغدا دەتوانن بگەنە ڕێکەوتنێکی درێژخایەن؟ بۆ وەڵامی ئەمە پێویستم بە زانینی چیەتی پەیوەندییەکە بوو. ئایا هەولێر و بەغدا چ جۆرە پەیوەندییەکیان هەیە؟ ئەم پرسیارە ئاسان نەبوو وەڵام بدرێتەوە. ئایا پەیوەندییەکە دەستوریی فیداڕاڵییە، وەک ئەوەی لە دەستوردا باسکراوە؟ هەندێک لە نوخبەی کوردی دەڵێن، فیدرالیزم جێ بەجێ نەکراوە لە عێراق، بۆیە کێشە هەیە. چارەسەر ئەوەیە کە دەبێت فیدرالیزم فەراهەم بێت. بۆ نمونە فیدڕالیەت پێویستی بە بونی ژوری دووەمی پەرلەمانە کە لە سەر بنەمایەکی یەکسانتر داڕێژرابێت نەک لە سەر بنەمای زۆرینە و کەمینەی ژوری گشتی. [لێرەدا نازانم لە ئەدەبیانی کوریدا بۆ ژورە جیاوازەکانی پەرلەمان چی دەوترێت، لە زمانە ئەوروپیەکاندا هەردوو ژور و ماڵیش بەکاردێت، بۆ نمونە لە مۆدێلی وێستمینستەردا ماڵ بەکاردێت، هاوس ئۆف کۆمۆن بۆ نمونە، بەڵام لە مۆدێلی کیشوەری ئەوروپیدا زیاتر ژور بەکاردێت، بۆ نمونە لە زمانی هۆڵەندیدا کامەر بەکاردێت]. هەروەها نەبونی دادگای فیدڕاڵیی، چونکە ئەوەی هەیە شەرعیەتی نیە یان لاوازە، بەڵام ئەوەشی کە دەبێت دروست بکرێت کێشە لە سەرە.
لە بەرامبەر ئەمەدا نوخبەی سیاسی عێراقی وەها دەبینێت هەرێم زیاتر لە فیدڕالی هەیە. فیدڕاڵ لای ئەوان وەها دەبینرێت کە مافی پەیوەندی دەرەکی و دەروازە و گرێبەست و واژۆ و سەربەخۆیی ئابوری نیە.
لە دونیادا فیدڕاڵیەت چەندەها نمونەی هەیە. هەندێک فیدراڵیەت هەن تەنها ئیدارین، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە تاک نەتەوەن، وەک ئەڵمانیا و نەمسا. هەندێک فیدراڵی تر هەیە جۆرێک لە سەربەخۆیی و خواستی سەربەخۆیی هەیە، بۆ نمونە سکۆتلەندا و کەتەلۆنیا.
دەستور فیدراڵیە، بەڵام فیدرالیزم چەمکێکی کیشە لە سەرە. لە دونیای کوردیدا لێکۆڵینەوەم تایبەتم بەم بوارە نەبینی. بەڵام بیانییەکان کاری زۆری تیوریی و کردارییان لە سەر کردوە. بۆ ئەوەی بزانین فیدرالیزمی عێراقی دەبێت چۆن بێت، دەبێت سەرەتا بزانین وەڵامی ئەو پرسیارە چیە، ئایا بۆ عێراق لە ناوەندییەوە گۆڕا بۆ فیدرالی؟ ئایا ئامانجی فەرمی هێشتنەوەی یەکێتی عێراقە. عێراق وڵاتی کێیە؟ وەڵامەکەی رون نیە لە نێوان سوننە و شیعە و کورددا. کورد نایەوێت ببێت بە خاوەنی عێراق وەک شیعە و سوننە، بەڵکو دەیەوێت وەک خۆی هەبێت یان ئەگەر بۆی بلوێت جودابێتەوە.
عێراق کە زۆربەی تەمەنی سوننەبوە، ئێستا بە پرۆسەیەکی چڕی بە شیعەبوندا دەڕوات، لە ئاستی سیاسی و کەلتوری و فەرهەنگی و یاساییەوە. ئەمەش وەها دەکات کە عێراقی فرەیی یان ناناوەندێتی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نمونە شیعە لە هەر پانزە پارێزگاکەی عێراقی عەرەبی لیستی هەڵبژاردنیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆ، تەنانەت لە ئەنباری تەواو سوننەشدا.
لێرەدا نەبونی فیدرالیزمێکی ڕون بۆ عێراق هەمیشە دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ ئامرازی سەپاندنی زۆرینە بە سەر ئەوانیتردا. کەواتە، وەک مەحمود مەمدانی لە کەیس ڕوەندادا پێمان دەڵێت دیموکراسی چارەسەرنیە، بەڵکو ڕەنگە هۆکاری قڕ کردن بێت. دیارە قڕکردن تەنها ئەوەنیە خەڵک بگریت و زیندە بەچاڵی بکەیت، بەڵکو ئاوارەکردن، پەراوێزخستن، برسیکردن، ڕێگەنەدان بە گەڕانەوە هەموو بەشێکن لەو پرۆسەیە یان زەمینەسازن. ئەگەر تەماشای کوردانی ئێزیدی و کوردانی شیعەی حەمرین بکەین دەبینین لە سەردەمی ئەم حکومەتەی عێراقدا هەردوو ڕوبەڕوی جینۆساید بونەتەوە.
کێشەی سەرەکی شیعە نەبونی باوەڕە بە خۆی و هەروەها نەبونی شەرعیەتە. بۆیە زۆر دەترسێت لە هەموو ئەگەرێک، بە تایبەتی لە لایەن سوننەوە. ئەمە بەرونی لە دۆخی جورف السەخردا دەیبینین.
دەستوری عێراق بە ئەنقەست لە لایەن نوسەرانییەوە بە ناڕون نوسراوە، هەتا پاشان ڕێگا بە پرۆسەی سیاسی بدات بگاتە چارەسەر لە سەر پرسەکان. ئەمە زۆر بە تایبەت لە ئەو بوارانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوردەوە هەیە وەک خاک، سامان، دەسەڵات و پەیوەندیی. بەڵام سیاسەت وەک هێز گەشەی کرد. پێکەوەبونی سیاسەت و هێزی ڕوت زەمینەی ئەوەی ڕەخساند کە هاوسەنگی هێز ببێت بە ڕێسای سەرەکی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا.
پرسینسیپی هەرە سەرەکی هاوسەنگی هێز ئەوەیە کە بەهێز خاوەنی ڕەواییە. بۆ بەهێز بۆی هەیە ئەوەی دەیەوێت بیکات و لاوازیش دەبێت ئەوە بچێژن کە دەبێت یان ناچارن، وەک تیوسەدایس لە جەنگی پۆلۆپینەسیان هەڵیئێجا.
ئێستا بەغدا کورد واتەنی داشی سوارە. بەم پێیە لە پرۆسەیەکی لە قاڵبداندایە هەتا هەموو تواناکانی هەرێم کۆتایی پێبهێنێت و بیکاتە یەکەیەکی ناوخۆیی کۆنترۆڵکراوە. لەم پێناوەدا دادگا و یاسا و بودجە و زۆر ئامرازی تر بەکار دەهێنێت. لێرەدا دادگای فیدڕالی هەم وەک ئامراز و هەم ئەکتەرێکی سیاسی ڕۆڵ دەبینێت. ڕۆڵی دادگا لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کە هەرێم وەک بەغدا لێبکات، یان لێبکاتەوە. ئەم پرۆسەی هۆمۆجنیویەتی دژ بە پرینسیپی فیدرالیە کە دەبێت چوارچێوەیەک بێت بۆ فرەیی. دیارە سواری داشی دادگای باڵا، هۆکارەکەی ئەوەیە کە دادگا لە هەرێم سیاسییە، هەروەها سیستەمی هەرێم ناشەرعیە و ئاسانکاری دەکات بۆ دەستوەردان.
بەغدا لەم پرۆسەیەدا لە دۆخێکی کافکاییانەدایە. دۆخی کافکایی لەم پرسەدا یانی هەبونی ئاڵۆزییەکی زۆر لە بڕیارداندا، دیارنەبونی بڕیاردەری سەرەکی، زنجیرە ئەکتەرەکان بەردەوام بە شێوازی جیاواز، فشار و هەوڵی گۆڕانکاریی و دەستوەردان دەدەن. هەرێم هەتا بێت ناچارە زیاتر زەلیل و ملکەچ بکرێت. ئەمەش وەهای کردوە کە کرۆکی پەیوەندییەکە وکە پەیوەندی نێودەوڵەتی لە سەر بنەمای زەلیلی بێت.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە هەتا چەندێک هەرێم لاوازدەکرێت. لە ئەدەبیات و مێژوی زاڵ و مەزڵومدا، ڕۆژئاوا وەک مۆدێلێک زۆر دڕندەیە. ڕۆژئاواییەکان لە هەر کوێ بە سەر هەر لایەکدا سەرکەوتووبن، کارێکی وەهایان کردوە کە هەموو تواناکان لە نەیارەکانیاندا بسڕنەوە. تەماشای خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکاکان و ئوسترالیا و ئەو جێگایانە بکە. لێرەدا بە تەواوی نازانین کە کێ بڕیاردەرە لە بەغدا، حکومەت (سودانی)، چوارچێوەی هەماهەنگی یان ئێران یان هەمویان. هەندێک کەس پێیان وایە ئێران لە هاوکێشەکەدا نەبێت باشترە، هەندێکی تر وەهایان دەگوت کە بە پێچەوانەوە، بەبێ ئێران خراپتر دەبێت، چونکە ئێران نایەوێت عێراق زۆر لاوازبێت یان زۆر بەهێزبێت بۆیە مانەوەی کورد وەک هێزێک لە خزمەتی ئەم هاوکێشەدایە. ئەگەر سەیری سوننە بکەین وەک مۆدێل، ئەوا تێکشکان و زەلیلکردن ناکۆتایە. پەرتبونی کورد، پەنابردنی بۆ هێزە شیعییە توندڕەوەکان، هەڵپەی هێزی کوردی بۆ سەرکەوتنی خۆی وەک کەس و هێز هەموو زەمینەسازن بۆ کۆتایی ڕۆڵی کورد.
لە لای کورد خۆیەوە، دۆخەکە باشتر نیە. لە بەر نەبونی ئاگایی و خواست بە دەزگایی بون، کورد هەوڵ نەداوە پرسی خۆی بە دەزگایی بکات. لە ڕاستیدا پرۆژەیەکی کوردی لە عێراقدا بونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەیە هێزە سیاسییەکان و پاشان کەسایەتیە سیاسیەکان بازرگانی سیاسی بەم پرسەوە دەکەن. بۆیە چارەسەر نەبونی پرسەکە، بە سودی زۆرێک لە نوخبەی سیاسییە.
بەم پێیە ئەکتەرەکانی ناو کایەی سیاسی یان ئەکتەرەکانی نێوان کورد و عێراق هەموو پرسەکە وەها دەبینن کە کێڵگەیەکە بۆ بەهێزبون و مانەوەی خۆیان. ئەمەش وەهایکردوە کە پرسی کورد، پرسێکی سەرەکی نەبێت، بەڵکو هەتا ئاستێکی زۆر لاوەکی بێت. هەم کورد و هەم عێراق پێویستیان بە لە قاڵبدان و ڕوانگەی جیاوازە بۆ ئەم پرسە. ئەگینا دۆخی هەڵکشان و داکشان، دەستوەردان و بەکاربردنی دەرەکی، نەبونی چارەسەر لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی دەبێت بۆ سەردەمانێکی زۆر.