دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم و، دواتر سڕکردنی ئەنجامەکانی لە لایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و، هەموو ئەو لێکەوتە خرپانەی کە ریفراندۆم بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستانی هێنا، لە دۆرانی خاکی کوردستان، بچووک بوونەوە و لە قالبدانی هەرێم، تەشەنەسەندنی ناکۆکی و دووبەرەکی نێوان حزبە حوکمڕانەکان، لە هەمووشی ناخۆشتر کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر. لەو رۆژەوە تا ئێستادا لە لایەن چەند کەسایەتیەکی سیاسی باس لە چەمکێک دەکرێت ئەوەیش گوایە ریفراندۆم تاپۆی ڕەشە،ئەو تاپۆیەش لە گیرفانی سیاسیەکانی کورد دایە، هەر کاتێک بیانەوێت بەکاری دەهێنن.
بەر لەوەی باس لە مانا و دەلالەتی یاسایی چەمکی تاپۆی ڕەش بکەین، پێویست دەکات هەڵە تێگەیشتنێک لە ڕیفراندۆم هەیە راستی بکەینەوە.
ڕیفراندۆم، پرۆسسێکی دیموکراتیە کە خەڵک تیایدا بەشداری دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتێکی دیاریکراو.لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەندێک بڕیار و یاسا هەیە کە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە مەرج نیە نوینەرانی گەل لە پەرلەمان یەکلایبکەنەوە، یان دامەزراوەیی جێبەجێکردن لە سەرۆکی وڵاتەوە تا حکومەت جیبەچێی بکەن، بگرە ئەو وڵاتە پەنای بردووە بۆ ڕاپرسی گشتی دەبات، نموونەی هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەکی دەستور، یان چوونە ناو هاوپەیمانیەکی سیاسی یان تەکەتولی ئابوری.
کاتی خۆی بەشێک لە وڵاتانی ئەسکەندنافیا کە بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆ گۆڕینی دراوە نیشتمانیەکانیان بۆ دروای یەکێتی ئەوروپی "یۆرۆ" ڕاپرسیان کرد، تەنانەت لەو ڕاپرسیەشدا خەڵکەکە دژی هەنگاوەکانی حکومەتەکنیان دەنگیاندا، ئێستا بەشێک لەم وڵاتانە ئەگەرچی ئەندامان لە یەکێتی ئەوروپا بەڵام خاوەنی دروای نیشتمانی خۆیانن.
رۆژی ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧، خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوە پرسیاری " ئایا دەتەوێ کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟" چوونە سەر سندوەقەکانی دەنگدان و ٩٢،٧٪ دەنگی بە بەڵێ دا بۆ ئەم پرسیارەی لێیان کرابوو.
شایانی باسە، لەم پڕۆسەیەدا خەڵکی کوردستان بۆیە دەنگی بە بەڵێ دابوو تا پیادەی مافێکی یاسایی و سیاسی خۆی بکات، کە پێی یاسا و عورفە نێودەوڵەتیەکان میللەتێکە هەموو مقەوەماتی دەوڵەتی تێدایە، بەڵام ئەوەی کە لەو پڕۆسەیە بووە کۆسپ لەبەردەم ڕیفراندۆم و ئەنجامەکەی، بریتی بوو لەو کات و زەمانەی کە ڕیفراندۆمی تیادا ئەنجامدرا.
وێڕای هەموو هۆشداری و تێبینیەکان، ڕیفراندۆم کرا، ئەنجامەکەشی ئەوە نەبوو کە خەڵک چاوەڕوانی دەکرد، جا ئایا بکەرانی ڕیفراندۆم هەر ئەوەیان دەویست، یان ڕیفراندۆم جامێک بوو لەدەستیان شکا، با وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ کاتی خۆی بمێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نابێت ڕیفراندۆم وەک بکرێتە قوربانی پڕۆسەیەکی شکستخواردوو.
بەڵام لێرەدا دەپرسین، ئەرێ بەڕاست ئەوەی لە ڕیفرادۆم دەستکەوت تاپۆیەکی ڕەشە؟ ئەی کێن ئەوانی باس لەو تاپۆ ڕەشە دەکەن؟ ئایا سیاسەتی دوایی ڕیفراندۆم و ئەو ئاڕاستەی ئێستای دەسەڵاتدارانی هەرێم کە خۆی دەبینێتەوە لە سازش بۆ بەغدا و، بچووکردنەوەی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا، هی ئەوەیە ئومێد و هیوا لەسەر تاپۆ ڕەشە هەڵبچەندرێت؟
جاری با ئەو هەڵە تیگەیشتنە لە چەمکی تاپۆی ڕەش ڕاست بکەینەوە ئینجا وەڵامی پرسیارەکەی دیکە دەدەینەوە.
تاپۆی ڕەش" جۆرە قەباڵەیەکی " سەنەد" دەوڵەتییە " حکومییە" دەدرێ بەکەسێك یان لایەنێک ئەو کەسە دەبێتە خاوەنی موڵک و زەویی کەپێشتر هی ئەو نەبووە.
بەو پێیە بێت ئەو تاپۆ ڕەشە لەبەرامبەر مافێک بە ئێمە دەدرێت کە گومان لەسەر ئەو خاوەنداریەتیەی ئێمە بۆ خاکی کوردستان هەبێت، وەک چۆن لە ٢٥ ئەیلول مافی سەربەخۆیی و خاوەنداریەتی لە خاکی کوردستان خرایە شک و گومان.
لە کۆتاییدا دەڵێین ئەوەی ئێستا لەنێو سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبینرێت، نەک بیرکردنەوە نیە بۆ کارکردن بە دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆم، بگرە خەونی بەدەستهێنانی پۆست و پارەیە لە عێراقی کۆلۆنیالی و، تاپۆی ڕەشیش تا پەنایی بۆ ببردرێت، بگرە ئەگەر قەباڵەیەک" سەنەد" بێت، گومان لەسەر مافی سەربەخۆیی کوردستان درووست دەکات، بۆیە بەسە چیتر باس لە تاپۆی ڕەش مەکەن.