Apora Logo

فڕۆكەی درۆن و پارسەنگی ھێز

فڕۆكەی درۆن و پارسەنگی ھێز
لوقمان مستەفالوقمان مستەفا

لوقمان مستەفا ساڵح

29/9/2023


ھێرش كردنە سەر باشوری كوردستان بە فرۆكەی بێ فرۆكەوان « درۆن »لەلایەن دەوڵەتی توركەوە ، پێش هەموو شتێك تاوانێكی ئاشكرا و پێشێلكردنێكی دیاری یاسا نێودەوڵەتییەكانە و بەقڕكردن و ئینكاركردنی گەلی كورد دادەنرێت.

ئەم جۆرە لەشەر نەك بۆكورد بەڵكو بۆ تەواوی دونیا شتێكی نوێیە.

 لەئێستادا جیهان پێی ناوەتە سەردەمێكی نوێ لە شەڕ، شەڕێك دوژمن نادیار و قوربانیی و خەسارەتیش خەڵكی بێ دیفاع و بێتاوانە، ئەمە شەڕی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانە كە پێیاندەوترێت « درۆن » ئێستا بوونەتە ژمارەیەكی ئێجگار قورس لە هاوكێشەی جەنگ و ناكۆكیی و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا، بەجۆرێكە كە لە شەرەكاندا دەوری یەكلاكەرەوە دەبینن.

ئەو جۆرە فڕۆكانە بە تەواوی تەرازووی هێزیان گۆڕیوە‌ و كاریگەری گەورەیان لەسەر جیهانی ئەمڕۆ هەیە، چونكە دەتوانن بگەنە هەموو شوێنێك و هەستیارترین زانیاری كۆ بكەنەوە و بۆردمانی پێگە هەر گرنگ و ستراتیجییەكانیش بكەن، لە كەوتنە خوارەوە و پێكرانیشیان هیچ زیانێكی گیانی لێ ناكەوێتەوە، بگرە تەنیا زیانی مادییە، بۆیە كەسی ھێرشبەر لە مەرگ دوور دەخەنەوە و سوپا پێشكەوتووەكانی جیهان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چەك و تەكنەلۆجیای جەنگی كێبەركێیانە لەسەر دروستكردنی جۆر و شێوازی پێشكەوتوو و بەهێزتری درۆنەكان، چونكە دەزانن داهاتوو ئەو جۆرە فڕۆكەیە گەورەترین پێگە و شوێنی لە ڕیزی سوپاكان دەبێت.

درۆن بە شێوەیەك پارسەنگی ھێزی گۆریوە نەك تەنھا كوردی بێ چەك و بێ پشت و پەنای شپرزە كردووە ،تەنانەت كاری كردۆتە سەر پلانی سەربازی وڵاتانی زلھێزی وەك شەری نێوان ڕوسیاو ئۆكراینا بەتەواوی توشی شۆكی كردوون.!

بەكارھێنانی ئەم جۆرە چەكە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەرامبەر بە میللەتێكی مەزڵومی وەك گەلی كورد خۆ بەڕوونی دیارە بۆ لەناوبردن و قڕكردنێتی، چونكە بوونی كوردە وەك نەتەوەیەكی زیندووی ناوچەكە،توركیای فاشستی تووشی هیستریاكردووە.

لەبەر ئەوەی گومان لەوەدا نییە كە بوونی هێزەكانی پەكەكە تەنها ڕووپۆشێكە بۆ چەندین ئامانجی تر و بیانوێكی ئاشكراشە بۆ ڕەوایی دان بە دەستێوەردان و هێرشیی سەربازی ، لەهەلومەرجی ئێستای عێراق و بەدیاریكراویش لە هەرێمی كوردستاندا.
پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەرتەشی توركەوە لەگەڵ ئەوەی دەبێت بەزمانێكی توند شەرمەزار بكرێت،دەبێت بەپەلەش لە محفەلی دەولیدا داوای وەستاندی بكرێت. 

چونكە ئەم هێرشە بە هەموو پێوەدانگە سیاسی و یاسا نێودەوڵەتیەكان بە پێشێلكردن و داگیركردنی خاكی عێراق دادەنرێت. بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەك لێی قەبوڵبكرێت، كە تاهەنوكەش خاوەن سەروەری خۆیەتی و لە هەمان كاتدا ئەم ته ‌حەدایە وەكو هەڕه ‌شەیەكە لە پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان گەلانی ناوچەكە بە گشتی و گەلانی توركیا و عێراق بە تایبەتی ، بۆیە ھێرشە درۆنیركانی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان بە پێشێلكردنی یاسای نیودەوڵەتی لەقەڵەم دەدرێت، چونكە ئەو یاسایەی كە لە ساڵی  1991 ەوە بووە هۆكاری سەرەكی دروست بوونی هاوپەیمانیەتی لە نێوان زیاتر لە 36 وڵاتانی رۆژئاو او رۆژهەڵات لە دژی داگیركردن و بەزاندنی سەروەری دەوڵەتی كوەیت لە لایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو. بەو پێوەرە سیاسی ویاساییە دەبێت توركیا بە دەست درێژیكار و بەداگیر كەر ئاژمار بكرێت لە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق، لەبەر ئەوەی حكومەتی توركیا بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەكان تەنها بۆی هەیە سنوری خۆی بپارێزێ، بۆی نیە سنوری ووڵاتێكیتر ببەزێنێ،توركیا دەیان كیلۆمەتر لەگەڵ عێراق سنوری هاوبەشیان هەیە،بۆیە ئەگەر سیاسەتی دووفاقی نەبێت ئەوا بە پێی ئەو یاسایە هەرداگیر كاریەك دەبێت هەمان چارەنووسی ڕژێمەكەی صدامی گۆڕبەگۆڕی ببێت.  

هەر بۆیە دەوڵەتی توركیا ئەم بێ دەنگی نێودەوڵەتیەی قواستۆتەوە،بێ ڕەچاوكردنی سەرجەم یاسانێودەوڵەتیەكان ڕێك خراوەكانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی،لەسەر هەمان رێكەوتنامەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی روخاو دەروات،كەپێشتر لە كۆتایی هەشتاكاندا كە ئەوكاتیش بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەكی چەكداری لە باكوری كوردستان هەبێت، ساڵی ١٩٧٨ توركیا رێككەوتنامەی راوەدوونانی خێرای لەگەڵ عێراق ئیمزا كرد، بەپێی ئەم رێككەوتننامەیە توركیا دەیتوانی بۆ سەركوتكردنی هێزە چەكدارە كوردییەكانی نەیاری خۆی بە قوڵایی ٥ كیلۆمەتر بێتە ناو خاكی عێراقەوە. 

بە داخەوە تائێستا ئەم ڕێكوتنە هەڵنەوەشاوەتەوە،كە دەبوو نوێنەرانی كورد لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق كاری جدیان بۆ بكردایەو هەڵیان وەشانایەتەوە،چونكە زۆربەی ئەو ڕێكەوتنانەی سەردەمی بەعس چ وەك یاسا ئەگەر هەبووبێ هەمواركراوەتەوە، وەڕێكەوتنەكانیش هەڵوەشێنراونەتەوە.

تەنها ئەو یاساو ڕێكەوتنانە نەبێت كەلە دژی كوردە وەك خۆی ماونەتەوە.
لەبەر ئەوەی باشوری كوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لە ڕووی یاسایی یەوە سەر بە دەوڵەتی عێراقە، كەواتە دەبێت دەوڵەتی عێراق بە ئەركی خۆی هەستێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی و نوێنەرەكەی لە نەتەوە یەكگرتوەكان ناڕەزایەتی خۆی بگەیەنێتە ناوەندی بڕیار لە ئەنجومەنی ئاسایش.

بەڵام ئەگەر بەم ئەركە هەڵنەستا و بێ دەنگ بوو...حكومەتی هەرێمیش هیچ هەڵوێستێكی نەبوو ،كە سەروەری خاكی عێراق و هەرێم پێشێل دەكرێت، ئەوە ئەگەر لە ئایندەدا گەریلا ( پەكەكە ) لە شەرەكاندا بەسەر دەوڵەتی توركیادا سەركەوتن و توانیان عێراق و ئەوناچانەی كەلەژێر ڕكێفی ئەواندایە لە ھەرێمی كوردستان بپارێزن لەدەست داگیركاری توركیا، كەواتە ئەوكاتە بۆیان هەیە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی ئایندەی ئەو ناوچانە بدەن كە بە خوێن پارێزگاریان لێكردووە،دەبێت عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەو( دیفاكتۆیە ) ئەمری واقعە ڕازی بن.


;