Apora Logo

به‌ یادی بای بایه‌كه‌وه‌

به‌ یادی بای بایه‌كه‌وه‌
لەتیف فاتح فەرەجلەتیف فاتح فەرەج

لەتیف فاتیح

29/9/2023



بۆ به‌ دیهاتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌ك هه‌ر بۆ باشوری كوردستان ، بۆ هه‌موو كوردستان كه‌س له‌ خۆم له‌ پێشتر نابینم ، ئه‌وه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ كرده‌وه‌و به‌ به‌ڵگه‌ش كارم بۆ به‌ دیهاتنی ئه‌و هیواو ئومێده‌ هه‌میشه‌ گه‌شه‌ كردووه‌ ، ئه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌گه‌ری كوێرانه‌ش نیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ناسیونالیستانه‌ بیر بكه‌مه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ بڕوابوونه‌ به‌ ئازادی و خۆخاوه‌نی ، له‌ پێش ڕیفراندۆم به‌ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌میشه‌ بیرمان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ی ده‌كرێت سه‌ربه‌خۆو ئازادبین ، هه‌ڵبه‌ت له‌ باره‌ی ده‌ستورێك بۆ كوردستانیشه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك چه‌ندین دانیشتنمان كردو له‌ زۆربه‌یاندا من قسه‌ كه‌ری سه‌ره‌كی بووم ، ده‌یان وتاریشم له‌ سه‌ر ده‌ستورو پرسی كه‌ركوك نووسی ، وه‌ك چۆن بۆ ڕیفراندۆم و ڕاپرسی یان گشتپرسیش چه‌ندین وتارم نوسی و چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م پێش ڕیفۆاندۆم داوام له‌ دۆستێك كرد ئه‌ركی چاپكردنه‌كه‌ی بگرێته‌ ئه‌ستۆ وتی باشه‌و به‌ڵام نه‌یكرد ، له‌ ژیاندا چه‌ندین باشه‌و به‌ سه‌رچاوی بێ‌ ئه‌نجاممان وه‌رگرتووه‌،ئه‌ویش چووه‌ سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌ .

ئێمه‌ دركمان به‌وه‌ كرد ڕیفراندۆم به‌و شێوازه‌و به‌و بێمنه‌تیه‌ و به‌و سوربوونه‌ جگه‌ له‌ باڵۆنێكی به‌تاڵ هیچی تر نیه‌ ، مه‌ترسی له‌ ده‌ستدانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌شمان به‌ به‌رنامه‌و به‌ نووسین و كۆڕ گرتن له‌ چه‌ندین شوێن باسكرد ، هه‌وڵی زۆریشمان دا ئه‌و ڕاستیانه‌ بگه‌یه‌نینه‌ شوێنی خۆی ، ته‌نها یه‌ك شه‌و پێش 25ی 9 به‌رپرسێكی كه‌ركوك پێی وتم دڵنیابه‌ له‌ كه‌ركوك ناكرێت ، كراو ئه‌نجامه‌كه‌یشیمان بینی ، من ده‌زانم زۆرێك خه‌ڵكی دڵسۆزو خه‌مخۆرو كورد په‌روه‌رو پڕهیوا له‌و په‌ڕی بێگه‌ردی و پاكیه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ چوون و وتیان به‌ڵێ‌ ، ئه‌وان به‌شی زۆریان بڕوایان وابوو سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی پاشگه‌ز نابێته‌وه‌و ئاماده‌كاری زۆر پێشهاتی كردووه‌ ، وا ده‌رنه‌چوو ، نه‌ئاماده‌ كاری و نه‌هیچ ، به‌ توندیش به‌رپه‌رچی ماكگۆرك و تیله‌رسن و دۆسته‌كان درایه‌وه‌ ،ئێستا هه‌ر بڕو بیانویه‌ك بیهێنرێته‌وه‌ ، هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێت ژه‌هری سێوه‌كه‌ تا ئێستاو تا ئه‌مڕۆله‌ نێو گه‌روماندا ده‌گڕێ‌ و به‌ڵێنداره‌كانیش هه‌ر یه‌كه‌و به‌ جانتای پڕی خۆیه‌وه‌ پشتی كرده‌ كورده‌كه‌ .

تاڵاوی ڕیفراندۆم ناكرێت گه‌لی كورد بكاته‌ قومار چیه‌ دۆڕاوه‌كه‌و وێڕای ڕوتبوونه‌وه‌ی ته‌واو هێشتا خۆی به‌ براوه‌ بزانێت ، ئێمه‌ دۆڕاین كه‌ ده‌ڵێم ئێمه‌ به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ وتیان به‌ڵێ‌ و ئه‌وانه‌شی نه‌چوون وئه‌وانه‌ش كه‌ وتیان نه‌خێر ، دۆڕاین و كه‌سیش له‌و به‌رپرسانه‌ دۆڕانه‌كه‌ی نه‌خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی، نه‌ك ئه‌وه‌  ته‌نانه‌ت له‌ ناو حزبێكی وه‌ك یه‌كێتیدا كابرا له‌ بری ئه‌وه‌ی دان به‌ دۆڕانه‌كه‌دا بنێت ده‌هات هاوحزبیه‌كانی خۆی تۆمه‌تبار ده‌كرد، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ خۆ دزینه‌وه‌ی حوشتر ملانه‌ ، ئه‌وه‌ش كه‌ سور بووله‌ سه‌ر كردنی له‌ بری ئه‌وه‌ی بڵێت ببورن كات و ساته‌كه‌ گونجاو نه‌بوو كه‌وته‌ وێزه‌ی خه‌ڵكی تر ، ئه‌مه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان شێواندنی دیرۆك و خۆ پاككردنه‌وه‌یه‌ له‌ شكست،دوای شه‌ش ساڵ كه‌ به‌ سه‌ت ساڵ له‌ كورد ڕۆی ، ئێمه‌ هێشتا باج ده‌ده‌ین و زڕ براكانی ده‌وروبه‌ریش خۆشاوی شكستی ئێمه‌ ده‌خۆنه‌وه‌ له‌ بای بای عیراقه‌وه‌ به‌ فه‌ڕمی وه‌ك ده‌رۆزه‌ كه‌ر ئێمه‌یان نارده‌وه‌ به‌رده‌م ده‌رگای به‌غداو خڕ موحتاجی ده‌ستی خاتوو ته‌یف سامیان كردین ، سه‌یریش له‌وه‌دایه‌ ده‌ڵێن نابێت بڵێن شكست بوو ، ئاخر خواتان بێت بۆ ئه‌و خۆشیه‌تان له‌و بابایه‌ تێك دا كه‌ پاسه‌پۆرته‌ عیراقیه‌كه‌ی دڕاندو هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌یتان كرده‌ ئه‌وه‌ی وابزانێ‌ ڕادیۆ بوو ، یان ئه‌و مامۆستایه‌ی وتی له‌ته‌ورات و ئینجیل و قورئانا وتراوه‌ كه‌سێك به‌ ناوی بارزانی ده‌وڵه‌تی كوردی دروستده‌كات ، هه‌ڵبه‌ت پێشتری وت ، من ده‌مه‌وێ‌ بیری بخه‌مه‌وه‌ ، ئاخر كێ‌ دڵخۆش نه‌بوو ، كێ‌ نه‌یووت بای بای عیراق ، جگه‌ له‌وانه‌ی ئێوه‌ هه‌زار تۆمه‌ت و ناووناتۆره‌تان دایه‌ پاڵیان ، هه‌موو ئه‌و خاوه‌ن به‌ڵێ‌ جوانانه‌تان ئیحراجی به‌رده‌م به‌غدا كرده‌وه‌ .

ریفراندۆم به‌و جۆره‌ی كراو به‌و شێوه‌یه‌ی لێی پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ هه‌ره‌سی خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو كه‌هیچی له‌ ئاشبه‌تاڵی بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری ئه‌یلول كه‌متر نه‌بوو ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ خه‌ڵكی له‌ خۆخاوه‌نی نائومێدو بێهیوا كرد ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی دواتری بووبه‌ هۆی په‌رت بوون و هه‌لا هه‌لا بوون و ته‌خوینی یه‌كترو شكاندنی شكۆی كورد، ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ له‌ ناو خه‌باتی ڕزگاریدان هه‌میشه‌ ڕابه‌ره‌كانیان ده‌بنه‌ فریادڕه‌س و گه‌ل له‌ قۆناغێكه‌وه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر ئه‌مه‌ تا ئێستاش له‌ زۆر وڵات و شوێن درێژه‌ی هه‌یه‌ له‌ كوردستان ئه‌مه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بووه‌وه‌ كاتێك ته‌واوی سه‌ركرده‌و ڕایه‌دارانی سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی ریفراندۆم وتیان نه‌ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆی بوو ، نه‌ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ عیراق جیا بینه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكا پێش پرۆسه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ ده‌كرێت دوو دراوسێی باش بین له‌ گه‌ڵ عیراق ، ئه‌و شكسته‌ گیانیه‌ی توشی كورد كرا تا ئێستا به‌رینه‌داوه‌ بۆیه‌ به‌ ناچاری هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ڵێیان كرد، ده‌یانه‌وێت بیانوو بۆ ئه‌و به‌ڵێیه‌ بێننه‌وه‌و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستی تاوانباری بۆ خه‌ڵكانی تر درێژ ده‌كه‌ن ، له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ نه‌بوایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ڕویده‌دا كه‌ ئێستا ڕووده‌دات و كۆسته‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر نابوو كه‌ ئێستا تێیداین ، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت باشه‌ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم سڕنه‌كرایه‌و هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌ته‌وه‌ چی له‌مه‌ خراپتر ڕووی ده‌دا، ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ هه‌قه‌ ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكیان خسته‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ‌ بێ‌ هه‌ڵچوون و تانه‌و ته‌شه‌ر وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌ .

;