Apora Logo

ئەنجومەنی وەزیران زنجیرەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیران زنجیرەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

22/7/2026

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە 50%ی قەرزی کۆنی کارەبای ماڵان و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان خۆش بێت، هاوکات ماوەی لێخۆشبوونی 20%ی سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆی تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ کردەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە (22ی تەممووزی 2026)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیران کۆبووەوە و تێیدا زنجیرەیەک بڕیاری گرنگی لەبارەی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان و خاوەن کارەکان پەسەند کرد.


وردەکاریی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران:


1. بڕیار درا بە درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی 20% لە سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2026.


2. بۆ ئەو هاوبەشانەی (ماڵان و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان) کە قەرزی کۆنی کارەبایان لەسەرە (بەر لە دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی)، داشکاندنی 50%یان بۆ دەکرێت.


3. ئەو هاوبەشانەی کە قەرزی کارەبای پڕۆژەی پیشەسازی، بازرگانی، گەشتوگوزار یان کارگەکانیان لەسەرە، داشکاندنی 25% یان بۆ دەکرێت.


بڕیارێکی دیکەی ئەنجوومەنەکە پەسندکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بوو بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین.


سەبارەت بە مۆڵەتی بێ مووچەش، بەپێی نووسراوێک کە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، چەند پێشنیاز و رێنماییەکی نوێ بۆ مۆڵەتی بێ مووچە خراونەتەڕوو و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دا پەسندکران.


لە نووسراوەکەدا هاتووە، فەرمانبەرانی ئاسایی دەتوانن بۆ پێنج ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەبگرن، هەروەها دەکرێ دوای دەستبەکاربوونەوەیان جارێکی دیکە مۆڵەتەکەیان درێژبکرێتەوە، بە مەرجێک کۆی گشتیی ساڵانی مۆڵەتەکە لە 10 ساڵ تێنەپەڕێ.


بەڵام رێکارەکان بۆ مامۆستا، پزیشک و دەرمانسازەکان جیاوازە، بەوپێیەی ئەو توێژانە تەنیا مافیان هەیە بۆ دوو ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن.


سەرۆکایەتیی دیوان ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی رێنماییە داراییەکانی ساڵی 2020، هەر فەرمانبەرێک لە دوای 2020/6/18 مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتبێت، ئەو ماوەیەی وەک "خزمەت" بۆ هەژمار ناکرێت.


لە بەشێکی نووسراوەکە تیشک خراوەتەسەر ئەو فەرمانبەرانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکانیان دەکەن و ئاماژە بەوە دراوە کە بەشێکی ئەو فەرمانبەرانە ماوەی مۆڵەتەکەیان تەواو بووە یان ئامادە نین بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان تاوەکو رێکارە یاساییەکانی دەستبەکاربوونەوە ئەنجام بدەن، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت و کەمیی میلاک لە هەندێک فەرمانگەدا.


حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتەکەیان تەواو بووە و دەڵێت، "لە حاڵەتی تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکان و دەستبەکارنەبوونەوەیان، کۆتایی بە راژەکانیان دەهێندرێت."


;