سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە بەغدا هەوڵ دەدات ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتن لە نێوان واشنتۆن و تاران، نه ک گۆڕەپانی دوژمنایەتی.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە ئامۆژگاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە تاوەکو هیچ هێرشێکی سەربازی ئاراستەی ئێران نەکات. جەختیشی کردەوە کە عێراق بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت ببێتە "خاڵی بەیەکگەیشتن، نەک گۆڕەپانی دوژمنایەتی" لە نێوان واشنتۆن و تاراندا.
زەیدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "زە ئەتلانتیک" (The Atlantic) ڕایگەیاند: «بوونی سەربازی پەیوەندی و بەستەر لە نێوان گەلاندا دروست ناکات، بەڵکو بەشداریی ئابووری ئەو پەیوەندییە بەهێز دەکات.» ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی عێراق لەبری بەردەوامیی بوونی سەربازی، بەدوای شەڕاکەتێکی وەبەرهێنانی 30 ساڵەدا دەگەڕێت لەگەڵ ئەمریکا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی ئەمنی و چاکسازییەکانی ناوخۆ کرد و گوتی: «هیچ بژاردەیەک جگە لە ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت نییە.» جەختیشی کردەوە کە حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕەتی دەکاتەوە عێراق ببێتە دەوڵەتێکی فاشیل.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، زەیدی ڕوونی کردەوە کە گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار ڕێگەی سەرەکین بۆ سەقامگیریی عێراق. هەروەها ئاشکرای کرد کە جەنگی دوایی و داخرانی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بە ئابووریی عێراق گەیاندووە، سەرەڕای ئەوەش عێراق هێشتا وەک دەرفەتێکی وەبەرهێنانی بەپێز دەمێنێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ئامادەیە بەرگەی سەرجەم لێکەوتەکانی پرۆژە چاکسازییەکەی بگرێت و سەرەڕای ئاڵەنگارییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت.
ئەم لێدوانانەی سەرۆک وەزیران لە کاتێکدایە کە بەغدا ئاراستەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەرەو ئابووری و وەبەرهێنان دەبات، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکان لەسەر داهاتووی بوونی سەربازیی بێگانە، چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ ڕێگریکردن لە تێوەگلانی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکاندا.
