سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنێکی هاریکاریی ئەتۆمیی مەدەنی لەگەڵ سعوودیە ڕەوانەی کۆنگرێس بکات. ئەم هەنگاوە دەرگا بەڕووی هاریکارییەکی فراوان لە بواری وزەی ئەتۆمیدا دەکاتەوە، بەڵام ئەو گرەنتییانە لەخۆ ناگرێت کە پێشتر واشنتن جەختی لێ دەکردەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بەرنامەکە بۆ مەبەستی سەربازی.
بەپێی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، سەرچاوەکان دەڵێن ئیدارەی ئەمریکا "ڕێککەوتنی ماددەی 123" پێشکەش بە کۆنگرێس دەکات، کە لەلایەن کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا و شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، هاوتا سعوودییەکەیەوە واژۆ کراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو هەردوولا لە ڕیاز ڕێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆ کرد.
ڕێککەوتنەکە پشت بە ماددەی 123 لە یاسای وزەی ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ ساڵی 1954 دەبەستێت، کە ڕێگە بە حکوومەت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات هاریکاریی سعوودیە بکەن لە پەرەپێدانی بەرنامەیەکی وزەی ئەتۆمیی مەدەنی بە بڕی چەندین ملیار دۆلار.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە ڕێککەوتنەکە ئەوەی پێی دەگوترێت "پێوەری زێڕین" لەخۆ ناگرێت، کە ڕێگری لە سعوودیە دەکات یۆرانیۆم بپیتێنێت یان سووتەمەنییە ئەتۆمییە بەکارهاتووەکان دووبارە چارەسەر بکاتەوە، کە ئەم دوو ڕێگایەش دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێن. هەروەها "پرۆتۆکۆلی زیادکراو"ی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ناگرێتەوە، کە دەسەڵاتی پشکنینی بەرفراوان و کتوپڕ بە ئاژانسەکە دەبەخشێت.
بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، ڕێککەوتنەکە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ هاریکاری لە سووڕی سووتەمەنیی ئەتۆمیدا دابین دەکات، لەنێویاندا پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند ناکات بە گواستنەوەی هیچ تەکنەلۆژیا و توانایەکی پیتاندن بۆ سعوودیە.
پێشتر کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە کە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە پەیوەندی بە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە نییە، و پێوەرەکانی نەبڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لەخۆ دەگرێت کە لە یاسای وزەی ئەتۆمیی ئەمریکادا هاتوون.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە مەترسییەکانی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان، کە لە چەندین بۆنەدا جەختی لەوە کردووەتەوە: "ئەگەر ئێران سەرکەوتوو بێت لە پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی، ئەوا شانشینی سعوودیە هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
