پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە و سێ تەوەری سەرەکی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران تاوتوێ دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئەم سێ بڕگەیەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
تەوەری یەکەم، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچییەکانی هاتوچۆ دەدرێت.
لە تەوەری دووەم دا، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی (کارەبا و سامانە سروشتییەکان) لەم بوارەدا. هەروەها بڕیار لەسەر پێشنیازی داشکاندنی ڕێژەیەک لەو پارەیەی کارەبا دەدرێت کە لەسەر هاووڵاتییان کەڵەکە بووە.
لە تەوەری سێیەم، گفتوگۆ دەکرێت لەسەر چەند ڕاسپاردەیەکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکخرابوو.
