Apora Logo

بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە؛ بەشێک لە ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک داخرا

بەهۆی نۆژەنکردنەوەوە؛ بەشێک لە ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک داخرا

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

22/7/2026

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی دەروازەی نوێ، بەشێک لە ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی هاتوچۆی هەولێر، بڕیاری داخستنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 9:00ی بەیانی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. داخستنەکە تەنیا ئاراستەی چوونی هەولێر بەرەو کەرکووک دەگرێتەوە، بە دیاریکراوی لە مەفرەقی مورتکەوە تاوەکو مەفرەقی قوشتەپە.


هاتوچۆی هەولێر سەبارەت بە ڕێگەی جێگرەوە ڕوونی کردووەتەوە: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەولێرەوە بە ئاراستەی کەرکووک دەڕۆن، پێویستە لە مەفرەقی مورتکەوە لابدەن و بچنە سەر ڕێگە کۆنەکەی کەرکووک، پاشان لە ناو قوشتەپەوە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە سەر ڕێگە سەرەکییەکەی هەولێر - کەرکووک."


سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە داخستنەکە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە و دروستکردنی دەروازەی نوێی شاری هەولێرە لە مەفرەقی قوشتەپە. کارەکانی پڕۆژەکەش بەردەوام دەبن تا بەتەواوی کۆتایییان دێت.


لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی، هاوکار و ئارامگربن تا کارەکانی پڕۆژەکە بەکۆتا دەهێنرێن و ڕێگە سەرەکییەکە بەڕوویاندا دەکرێتەوە.


;