لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی ڕابردوو زیادی کرد. ئەم هەڵکشانە بەهۆی پاڵپشتیی کڕینی تەکنیکی لەلایەن وەبەرهێنەران و بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چاوەڕوانییەکان بۆ بڕیارەکانی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی دوایین مامەڵەکان نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە ڕێژەی %1.6 زیادی کرد و گەیشتە 4,125.1 دۆلار، کە ئەمەش بەرزترین ئاستییەتی لە دوای ٧ی تەمووزەوە.
نرخی ئێستای زێڕ لە هەرێمی کوردستان:
زێڕی عەیار 18 = 751,601 دینار
زێڕی عەیار 21 = 876,868 دینار
زێڕی عەیار 24 = 1,002,134 دینار
لەگەڵ زێڕدا، نرخی زیوش لە مامەڵە دەستبەجێکاندا بە ڕێژەی %1.9 زیادی کرد و گەیشتە 59.75 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزی لە شادەماری گواستنەوەی وزەی جیهان. لە دەریای سور، دوای هەڕەشەکانی حوسییەکان، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیە کە ئاراستەیان بەرەو ئاسیا بوو، ڕێڕەوی گەشتەکانیان گۆڕی.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئێرانی ئاشکرای کردووە کە تاران پێشنیازێکی لەلایەن ناوەندگیرەکانەوە پێگەیشتووە بۆ (ئاگربەست) بۆ ماوەی 10 ڕۆژ. لە هەمان کاتدا ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران سەردانی پاکستانیکردووە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەردەوامیی هەوڵەکانی ناوەندگیری.
سەبارەت بە چاوەڕوانییە داراییەکان، ڕاپرسییەکی ئاژانسی ڕوویتەرز دەریخستووە کە ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا (بانکی ناوەندی) تا کۆتایی ساڵی 2026 نرخەکانی سود بەبێ گۆڕانکاری دەهێڵێتەوە، باوەڕی شارەزایانیش بەرامبەر ئەگەری زیادکردنی نرخی سود لەلایەن ئەنجومەنەکەوە لەم ساڵدا ڕووی لە زیادبوون کردووە.
