Apora Logo

واشنتن ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ تاران دەردەبڕێت و درێژە بە هێرشەکانی دەدات

واشنتن ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ تاران دەردەبڕێت و درێژە بە هێرشەکانی دەدات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

22/7/2026

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ تاران، بەڵام ئێران ئامادەییی جدیی نییە. هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاش (سێنتکۆم) بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ شەوی 11یەمین لەسەر یەک بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ چوارشەممە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی "ئاسیان" ڕایگەیاند: «واشنتن هەمیشە پابەندی ڕێگەی دیپلۆماسییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێران گفتوگۆکان بە جدی وەرناگرێت. ئەگەر ئەوان جدی بن، ئێمەش جدی دەبین، ئەگەریش نا، ئەوا چی پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان ئەنجامی دەدەین.»


ڕوبیۆ جەختی لەوەش کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز بکات، چونکە ئەمە دەبێتە نەریتێکی مەترسیدار بۆ تەواوی جیهان و ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.


ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە ڕۆژێک پێشتر، سێ کەشتیی گواستنەوەی نەوتی سۆمای سعودیە، بەهۆی هەڕەشەکانی حوسییەکانی یەمەنەوە لە دەریای سور، ڕێڕەوی خۆیان بەرەو ئاسیا گۆڕی. لە پێشهاتێکدا کە دەریای سور و تەنگەی هورمز (دوو شادەماری سەرەکیی وزەی جیهان) رووبەڕووی ئاڵۆزیی بێپێشینە بوونەتەوە.


لە لایەکی ترەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بۆ شەوی ١١یەمین لەسەر یەک، هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوەندەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازی، تواناکانی هێزی دەریایی، حەشاردگەی فڕۆکە و کۆگاکانی درۆن و ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی لە ناوخۆی ئێراندا.


سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سێ مانگی ڕابردوودا ئێران هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 30 کەشتیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز. لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاندووە کە تەنگەی هورمز بە کراوەیی ماوەتەوە و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە هێزەکانی ئەمریکا ئاسانکارییان بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوت کردووە.


;