دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە (21ی تەممووزی 2026) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان لە کۆشکی سپی، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەو لایەنانە کرد کە هەوڵی پەکخستنی دەریاوانی دەدەن و جەختی لەسەر سەقامگیریی لوبنان کردەوە.
لە میانی قسەکانیدا لەبارەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ترەمپ ڕایگەیاند: ئەگەر دەریای سوور دابخرێت، کاردانەوەی زۆر تووندمان دەبێت. ئەم هۆشدارییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا لە چەندین قۆناغدا بنکە و ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانیان بۆردومان کردووە بە مەبەستی پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.
دۆخی ناوخۆی لوبنان
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی لوبنان کرد و گوتی: لوبنان وڵاتێکی خۆشە و دەبێت دوور بێت لە ئاژاوەکان. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە کێشە سیاسی و ئەمنییەکانی لوبنان بە زووترین کات چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە جارێکی تر ببێتەوە بە ناوەندێکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و پشتیوانیکردنی سوپای لوبنان بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.
سوپاسی جۆزێف عەون بۆ واشنتۆن
لە لایەن خۆیەوە، جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنان دەستخۆشی لە هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا کرد و گوتی: سوپاسی پشتیوانییەکانی ئەمریکا دەکەین بۆ لوبنان و سوپاکەی. عەون جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییەکانی واشنتۆن دەورێکی سەرەکی دەبینن لە پاراستنی دامەزراوە نیشتمانییەکانی لوبنان لەم قۆناغە هەستیارەدا.
ئەم دیدارە لە کۆشکی سپی وەک نیشانەیەک بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەیرووت دەبینرێت، لە کاتێکدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکارییەکی گەورەی سەربازی و سیاسییدا تێپەڕ دەبێت.
