Apora Logo

وتەبێژی حكومەتی عیراق: بەغداد ئامادەیە نێوەندگیری بكات لە نێوان ئەمریكا و ئێران

وتەبێژی حكومەتی عیراق: بەغداد ئامادەیە نێوەندگیری بكات لە نێوان ئەمریكا و ئێران

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

21/7/2026

وتەبێژی حكومەتی عیراق، ئامادەیی بەغدادی بۆ نێوەندگیركردنی نێوان ئەمریكا و ئێران راگەیاند و دەشڵێت پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا چوەتە قۆناغێكی نوێوە. 


حەیدەر عەبودی لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندووە، هەڵبژاردنی واشنتۆن وەك یەكەم وێستگەی سەردانە دەرەكییەكانی سەرۆك وەزیران كارێكی هەڕەمەكی نەبووە، بەڵكو بەهۆی هەستیاریی قۆناغەكە و خوێندنەوەیەكی وریایانەی بەغدادەوەیە بۆ هاوكێشە خێراكان.


ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیوەندییەكانی بەغداد و واشنتۆن چووەتە قۆناغێكی نوێوە بەجۆرێك لە دوو دەیەی رابردوودا پەیوەندییەكان زیاتر ئەمنی بوون، بەڵام لەمەودوا ئابوری دەبێت.


وتەبێژی حكومەتی عیراق راشیگەیاندووە، داخستنی گەروی هورمز زیانی بە ئابوری عیراق گەیاندووە و ئەم رەوشە وا لە بەغداد دەكات بە شێوەیەكی بەپەلە بەدوای رێڕەوی نوێدا بگەڕێت بۆ زامنكردنی داهاتەكانی و هەمەجۆركردنی رێگەكانی هەناردەكردن.


هەروەها جەختیشیكردوەتەوە كە عیراق پەیوەندیی باش و هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە هەیە، هەربۆیە سەرۆك وەزیران كۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی تاران دەكات و دواتریش سەردانی ئەنقەرە دەكات، ئامادەیی بەغدادیشی دەربڕیوە بۆ نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتۆن بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە . 


;