سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئەوروپا، ڕەخنەی توندی لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) گرت بەهۆی دەستوەردانی سیاسی و دارایی لە مۆندیالی 2026، بەتایبەت هەڵوەشاندنەوەی کارتی سوری یاریزانێکی ئەمریکی لەژێر فشاری ترەمپدا و داوای لە فیفا کرد كاربكات بۆ پاراستنی تۆپی پێ لە فشارە سیاسی و داراییەکان پێش وەشانی داهاتوی مۆندیال لە ساڵی 2030ـدا.
ئالان بێرسێت، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئەوروپا، داوای لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) کرد هەوڵەکانی بۆ پاراستنی یارییەکەكان لە فشارە سیاسی و داراییەکان زیاتر بکات. ئەم داواکارییە چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یاری کۆتایی مۆندیالی 2026 لە نێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا ڕاگەیەندرا.
بێرسێت نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی فیفا بۆ هەڵپەساردنی کارتی سوری یاریزانی ئەمریکی فۆلارین بالۆگۆن. ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم سزایە دوای دەستوەردانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی فیفا ڕاگیراوە، ئەمەش بە کارێکی مەترسیدار و تێکەڵبونی سیاسەت بە کاروباری ناو یاریگا وەسف کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری گشتی سەرکۆنەی ئەو سوکایەتییە ڕەگەزپەرستییانەی کرد کە لەم مۆندیالەدا ئاراستەی یاریزانان کراون و وتی، "هەندێک لەو سوکایەتییانە لەلایەن کەسایەتییە هەڵبژێردراوەکانەوە بوە". هەروەها وتیشی کە ئەم جۆرە فشارانە بونەتە هۆی گومانکردن و لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوبژیوانان لە بەڕێوەبردنی یارییەکاندا.
بێرسێت لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوەتەوە، هۆشداریدا لە مەترسیی بڵاوبونەوەی فراوانی گرەوکردن (قومار) کە ئێستا هەمو وردەکارییەکی وەک پاس و لێدانە سوچەکان دەگرێتەوە و دەرگا بۆ فێڵکردن واڵا دەکات. ناوبراو ڕەخنەی لە فیفا گرت کە بۆ یەکەمجار کۆمپانیایەکی بواری پێشبینییەکانی وەک هاوبەشی فەرمی قبوڵ کردوە و ڕێگەی داوە لەناو یاریگاکانیشدا ئامادەییان هەبێت.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی ئەوروپا داوای لە فیفا کرد دەستبەجێ دەست بە گفتوگۆیەکی بونیاتنەر بکات بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ پاراستنی دەستپاکی وەرزش. ئامانجی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە ڕێگری لە دوبارەبونەوەی ئەم جۆرە دەستوەردانە سیاسی و داراییانە بگیرێت و لە مۆندیالی 2030دا کار بەو بنەما نوێیانە بکرێت.
ئەنجومەنی ئەوروپا (Council of Europe) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆیە لە ساڵی 1949 دامەزراوە، کە 46 وڵاتی کیشوەرەکە لەخۆدەگرێت و ئەرکی سەرەکی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی، و سەروەری یاسایە. ئەم ڕێکخراوە بە تەواوی جیاوازە لە یەکێتیی ئەوروپا (EU)؛ گرنگترین دەستکەوتیشی دامەزراندنی دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤە، کە هاوڵاتیان دەتوانن تێیدا سکاڵا دژی حکومەتەکانیان تۆمار بکەن ئەگەر مافەکانیان پێشێل بکرێت.
زۆرجار ئەم ناوە لەگەڵ دو دامەزراوەی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا تێکەڵ دەکرێت کە ئەوانیش: ئەنجومەنی ئەوروپی (European Council) کە لە سەرۆکی وڵاتانی ئەندام پێکدێت بۆ دیاریکردنی سیاستە گشتییەکان، و ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا (Council of the EU) کە کۆبونەوەی وەزیرانی وڵاتانە بۆ پەسەندکردنی یاساکان. بە کورتی، ئەنجومەنی ئەوروپا چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەکات لە هەمو کیشوەرەکەدا، لە کاتێکدا ئەو دو دامەزراوەی تری هاوناو بەشێکن لە سیستمی بەڕێوەبردنی یەکێتیی ئەوروپا.
