ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، زنجیرەیەک لێدوانی توندی لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە، دۆسیەی دیپلۆماسی و یارییەکانی جامی جیهانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی چیدیکە بەرامبەر گوشارە نایاساییەکان بێدەنگ نابێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ستایشی خۆڕاگریی دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئەوان پارێزەری ئاسایشی وزە و بازرگانیی دەریایین.
بەقایی هێرشکردنە سەر ژێرخانە سڤیلەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و پردەکانی سەرکۆنە کرد و گوتی: "هیچ پاساوێک بۆ ئازاردانی نەخۆش، منداڵان و بریندارکردنی ویژدانی گشتیی ئێرانییەکان نییە. پارێزگاکانی هورموزگان، خوزستان، بوشەهر و سیستان و بەلووچستان دڵی ئێرانن و تەواوی گەل لە پشتیان وەستاون تاوەکو ئاسایش بگەیێندرێتەوە لووتکە."
لە تەوەرێکی دیکەدا، بەقایی پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرد بەبۆنەی بون بە پاڵەوان و جامی جیهانیی بە "سیاسیترین رووداوی وەرزشی" وەسفکرد. ڕاشیگەیاند، ڕەفتاری جیاکارییانە دژی تیمی ئێران تاوەکو دواساتەکان بەردەوام بوو.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتان گوتی ئیسپانیا: "لە لای گەلی ئێران پاڵەوانێتی واتە جوامێری و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم؛ هەڵوێستە دژە دەستدرێژییەکانی ئیسپانیا وایکرد ویژدانی جیهانی پاڵپشتی لە سەرکەوتنیان بکات." گوتیشی، شکستەکەی ئەرجەنتین ڕەنگدانەوەی ئەو وزە نەرێنییە بوو کە بەهۆی پاڵپشتیکردنی دەستدرێژکارانی سەر غەززە، لوبنان و ئێران تووشیان بوو."
ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە دیپلۆماسی و بەرگری دوو باڵی بەهێزن بۆ پاراستنی نیشتمان. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە وەک چۆن هێزە چەکدارەکان لە مەیداندا خۆڕاگرن، دیپلۆماتەکانیش لە دانوستانەکاندا پارێزگاری لە مافەکانی وڵات دەکەن.
گوتیشی: "کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکان نیشانەی لاوازیی ئەوانە لە بەرامبەر ئەو بەڵگەنامانەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێرانیان تێدا چەسپێنراوە. پێویستە وەک چۆن پاڵپشتی لە جەنگاوەران دەکرێت، ئاواش پاڵپشتی لە دیپلۆماتەکان بکرێت."
لە کۆتاییدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مادەی 5ی یاداشتی لێکتێگەیشتن کرد و ڕایگەیاند، ئام مادەیە بە تەواوی مافی ئێرانی لە بەڕێوەبردنی داھاتووی تەنگەی هورمز بە راوێژ لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە چەسپاندووە و هیچ ناڕوونییەکی تێدا نییە.
بەقایی باسی لەوەش کرد کە واشنتن ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات بەهۆی جیاوازیی لێکدانەوەوە هێرشەکانی دەستپێکردووەتەوە، چونکە ئەوە تەنیا "پەیمانشکێنی"یە و تاران چیدیکە بەرامبەر ئەم گوشارانە بێدەنگ نابێت.
