عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی پیلانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دابەشکردنی ئێران و ڕوخاندنی دەسەڵاتی تاران پوچەڵ بکاتەوە؛ پیلانێک کە بە گوتەی ئەو، بڕیاربوو لە ڕێگەی دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی و ڕەوانەکردنی چەک لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ بكرێت.
عێراقچی لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی "ماجرا جنگ2" لە پێگەی "پایگاه خبری ماجرای روز"، پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی جەنگە 40 ڕۆژەکە لادا و گوتی: "لە چوارەمین ڕۆژی جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانەکەیان پەیوەندی بە هەندێک سەرکردەی کوردستانی عێراقەوە کرد و چەند جارێکیش باسی لە ڕەوانەکردنی چەک کردبوو."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، لە بەرامبەر ئەم جوڵانەدا دەستبەجێ کەوتوونەتە خۆ و هەنگاوی دیپلۆماسییان ناوە: "ئەو ئێوارەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندیم بە مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاوە کرد. بە هەموویانم ڕاگەیاند؛ ئەگەر بچوکترین هەڕەشە لە کوردستانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئێمە بکرێت، وەڵامێکی زۆر توند دەدەینەوە و پێیان نەبێت کە ئێمە لە بەرەیەک تر سەرقاڵین."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی پێداون ڕێگە بە هیچ جوڵەیەک بەو ئاڕاستەیەدا نەدەن و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا ڕۆڵێکی زۆر چالاکی گێڕاوە و بە خێرایی دەستوەردانی کردووە؛ بە جۆرێک لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمریکییەکان، هەڵوێستێکی زۆر توندیان لەسەر ئەم بابەتە نیشانداوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئەم هەوڵە هەمەلایەنانە بوونە هۆی تێکشکاندنی تەواوی ئەو پلانانەی بۆ هاندانی ئاژاوەی ناوخۆیی و پارچەپارچەکردنی ئێران داڕێژرابوون.
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدان، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ بە جیا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامداوە.
دوای ئەو پەیوەندییانە، بافڵ تاڵەبانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کردبوو: لە قسەکانی ترەمپەوە تێگەیشتووە کە پاراستنی سەلامەتی خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکادایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش قسەی کردووە و عێراقچی نائومێدییەکی زۆری دەربڕیوە لەوەی نەیانویستووە بچنە ناو ئەم جەنگەوە، بەڵام بەهۆی هێرشەکانەوە ناچاربوون وەک "جەنگی مان و نەمان" مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
