Apora Logo

وەزارەتی بازرگانیی: سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارا کرانەوە

وەزارەتی بازرگانیی: سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارا کرانەوە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

20/7/2026

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراک لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "پسوولەی ئەلیکترۆنی"یەوە کارا کراون. ئەم هەنگاوەش ئاسانکاریی تەواو بۆ هاووڵاتییان دەکات تاوەکو بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە سەردانیکردنی مەیدانی بۆ فەرمانگەکان هەبێت.


لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای کرد کە دوایین خزمەتگوزاری کارا کرابێت، خزمەتگوزاریی گواستنەوە بوو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەیەکی تەکنیکی لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیا دابینکەرەکانی سیستەمەکەوە، کارکردنی خزمەتگوزارییەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاوەستابوو.


وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشە پەیوەندیدارەکانیان ڕێوشوێنی بەپەلەیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە گرتووەتەبەر، بەوەش خزمەتگوزارییەکە گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی و لە ئێستادا بەردەستە.


سەبارەت بەو پارانەی لە هەندێک هاووڵاتی بڕدرابوون بەبێ ئەوەی مامەڵەکانیان سەرکەوتوو بێت، وەزارەت ڕوونی کردەوە بەهۆی دروستبوونی گوشارێکی زۆر لەسەر کۆمپانیاکانی دراودانی ئەلیکترۆنی و لەخۆنەگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی داواکارییەکان.


ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی وەزاریی تایبەتمەند پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو بڕە پارانەی بە هەڵە بڕدراون، تاوەکو مافی هاووڵاتییان بپارێزرێت.


لە کۆتاییدا، وەزارەتی بازرگانی پابەندبوونی خۆی بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی و بەرەوپێشبردنی بەردەوامی سیستەمەکە دووپاتکردەوە، بە جۆرێک کە جێبەجێکردنی مامەڵەکان خێراتر بکات و کوالیتی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوە.


;