Apora Logo

دوای واشنتن زەیدی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەردانی تاران دەکات

دوای واشنتن زەیدی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەردانی تاران دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

20/7/2026

دوای کۆتاییهاتنی سەردانە پێنج ڕۆژەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانێکی فەرمی بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام بدات.


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەمەد حوسێن بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لەگەڵ محەمەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کۆبووەتەوە.


لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران، ڕێکارەکان و بەرنامەی کاری سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاران کراوە.


وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوولا بەدواداچوونیان بۆ ئامادەکارییە بەردەوامەکان کردووە، لەوانەش ئامادەکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکانی هاوکاریی هاوبەش کە بڕیارە لە میانی سەردانەکەدا واژۆ بخرێنە سەر بەڵگەنامەکان؛ بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.


ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیران بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکاتێکدایە کە رۆژی شەممەی ڕابردوو سەردانە فەرمییەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی پێهێنا، کە پێنج ڕۆژی خایاندبوو.


;