Apora Logo

کوڕی مارادۆنا: مێسی ئەگەر 10جامی جیهانیش بباتەوە ناگاتە باوکم

کوڕی مارادۆنا: مێسی ئەگەر 10جامی جیهانیش بباتەوە ناگاتە باوکم

ئاپۆڕانیوز - بەشی وەرزش

20/7/2026

دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا جونیۆر، کوڕی ئەفسانەی کۆچکردووی تۆپی پێی ئەرجەنتین، جارێکی دیکە مشتومڕی لەسەر بەراوردی مێژوویی نێوان باوکی و لیۆنێل مێسی دروستکردەوە؛ جەختیشی کردەوە کە هەر دەستکەوتێکی داهاتووی مێسی هەتا ئەگەر بردنەوەی 10جامی جیهانیش بێت پێگەی مارادۆنا لە مێژووی تۆپی پێدا ناگۆڕێت.


لێدوانەکانی کوڕەکەی مارادۆنا دوای دۆڕاندنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هات لە یاریی کۆتایی جامی جیهانیی 2026 بەرامبەر ئیسپانیا، سەرڕای ئەوەی ستایشی ئاستی "تانگۆ"ی کرد لە سەرانسەری پاڵەوانێتییەکەدا.


مارادۆنا جونیۆر لە لێدوانێکدا کە ماڵپەڕی "تریبۆنا" بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاند، بەراوردکردنی نێوان باوکی و مێسی "گەمژەیییەکی گەورەیە"، و ئاماژەی بەوەش کرد کە مێسی خۆشی پێشتر جەختی کردووەتەوە کە مارادۆنا هەمیشە وەک "ژمارە یەک"ی مێژوو دەمێنێتەوە.


ڕوونیشی کردەوە کە جیاوازیی هەردوو سەردەمەکە بەراوردکردنەکە نادادپەروەرانە دەکات و گوتی: "تۆپی پێ لە سەردەمی مارادۆنادا زۆر زبرتر و توندوتیژتر بوو، لە کاتێکدا سروشتی یارییەکە و یاساکانی ناوبژیوانی لە سەردەمی ئێستادا تەواو جیاوازن."


سەرەڕای ڕەخنەکانی لە بەراوردکارییەکان، کوڕی ئەفسانە کۆچکردووەکە ستایشی گیانی بەکۆمەڵ و کەسایەتیی بەهێزی ئەرجەنتینی کرد کە هۆکار بوون بۆ گەیاندنیان بە یاریی کۆتایی بۆ دووەم جار لەسەر یەک، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە مێسی ڕۆڵێکی سەرەکی لەم دەستکەوتەدا بینیوە.


لە کۆتاییدا مارادۆنا جونیۆر دووپاتی کردەوە کە بردنەوەی نازناوێکی دیکەی جیهانی لەلایەن مێسییەوە ڕیزبەندیی ئەم دوو ئەفسانەیە لە ڕوانگەی ئەوەوە ناگۆڕێت و بە پەیامێکی بڕیاردرێنەرانە گوتی: "ئەگەر مێسی نازناوەکەشی ببردایەتەوە، ئەوا گرنگیی زیاتری بۆ ئەرجەنتین دەبوو، بەڵام تەنانەت ئەگەر دە جامی جیهانیش بباتەوە، هیچ شتێک لە بەراوردکردنی لەگەڵ باوکم ناگۆڕێت."


;