کۆمپانیای "گەڵف کیستۆن"ی نێودەوڵەتی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرکارەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆک ڕاگرت و ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە وەکو ڕێکارێکی خۆپارێزی و بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە گیراوەتەبەر.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لە هەڵپەساردنی کارەکانیان پاراستنی سەلامەتیی کارمەند و دامەزراوەکانیانە. جەختیشی کردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ زیانێک بە دارایی و دامەزراوەکانی نەگەیشتووە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمپانیاکە، تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی کێڵگەی شێخان زیاتر لە 45 هەزار بەرمیل نەوت بووە. گەڵف کیستۆن ئاشکراشی کردووە کە لە نزیکەوە چاودێریی پێشپەچوونی دۆخەکە دەکەن و لە کاتی پێویستدا زانیاریی نوێ بڵاودەکەنەوە.
ئەم بڕیارەی گەڵف کیستۆن دوای زنجیرەیەک ڕێکاری هاوشێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی بوارەکە دێت لە هەرێمی کوردستان.
لە 16ی ئەم مانگەدا کۆمپانیای دانەگاز بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە کارەکانی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی ڕاگرت، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی 2,000 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن (HKN)ی ئەمریکیش بەهەمان هۆکار و بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان، بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی سەرسنگ و ئەترووش لە پارێزگای دهۆک ڕاگرت.
