ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئیدارەی واشنتن ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی فراوان لەگەڵ ئێران دەکات، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکانی و گواستنەوەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی سووتەمەنیبەخش لە ئەوروپاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕۆژنامەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە:"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو دژی ئێران دەکات، هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا."
ئەو بەرپرسە زانیارییەکانی پێوەست بە بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا پشتڕاستکردووەتەوە، بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە کوژرانی سەربازانی ئەمریکی.
پێشتریش فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی لە ئوردن ڕاگەیاندبوو، کە دواتر لە هەمان شوێن پاشماوەی تەرمی کەسێکی نەناسراو دۆزرایەوە، جگە لە کوژرانی سەربازێکی دیکە لە عێراق بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) ئێرانییەوە.
