فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ڕۆژی دووشەممە، کۆتاییهاتنی نۆیەمین شەوی لەسەریەکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە پێگەی سەربازی و بنکە پەیوەندیدارەکان بە تواناکانی دەریایی و مووشەکییەوە کراونەتە ئامانج.
سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە سەرتۆڕی "x" بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هێرشانەی کە لە کاتژمێر 10ی شەوی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا (کاتژمێر 5ی بەیانی بە کاتی بەغدا) کۆتاییان هات، ناوەندەکانی سەرکردایەتی سەربازیی ئێران، پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریی کەناراوەکان، تواناکانی دەریایی، پێگەکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندییان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشدا ئۆپەراسیۆنەکان ئامانجیان لێی "زیاتر لاوازکردنی توانای ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە مەدەنییەکان کە بە گەرووی هۆرمۆزدا تێدەپەڕن."
لە بەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردەوە کە ئێران شەپۆلێکی نوێی مووشەکی بەرەو "ئامانجی دوژمنکارانە" ئاراستە کردووە، هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە دەکەن لە چەند کاتژمێری یەکەمی بەیانیی دووشەممەدا بە کاتی ناوخۆ.
