Apora Logo

130ڕۆشنبیر و نوسەری کورد داوا دەکەن گۆشەگیریی کۆتایی پێ بهێنرێت

130ڕۆشنبیر و نوسەری کورد داوا دەکەن گۆشەگیریی کۆتایی پێ بهێنرێت

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

19/7/2026

١٣٠ نووسەر و ڕۆشنبیری کورد لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند، دەبێت ڕێگە و دەرگاکانی گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکرێنەوە و گۆشەگیریی کۆتایی پێ بهێنرێت، تاوەکو لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە، کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئازادیی گەلان بەدی بێت.

ئەمڕۆ، ١٣٠ نووسەری کورد لە شاری ئامەد، شارەکانی دەوروبەری و دەرەوەی وڵات، لە تەلاری کۆمەڵەی ئەدیبانی کورد ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای کۆتایی هاتنی گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و داوایش دەکەن نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد دەنگیان بخەنە پاڵ ڕاگەیەندراوەکەیان.

حەسەن ئۆزگونەش، ئەندامی کۆمەڵەی ئەدیبانی کورد ڕاگەیەندراەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، گەلی کورد بە هەڵوێست و هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی، بە تێکۆشانی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە و ژیانێکی پێشکەوتوو، ڕەسەن و دیموکراتیک لە کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕۆژ بە ڕۆژ دەنگی خۆی زیاتر بەرز دەکاتەوە، گەلی کورد لە سەدەی ڕابردوودا نیشانی سەرجەم دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی داوە کە بە پشتگوێخستنی زمان، کولتوور، باوەڕ، گەل و سەرجەم جیاوازییەکان، و بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین، مەحاڵە ژیانێکی باشتر بێتە ئاراوە.

وتیشی: سەرەڕای ئەوەی لە چوار لای کوردستاندا شەڕ هەیە و قەیرانەکانی ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبنەوە، بەڵام گەلی کورد و سیاسەتی کوردی دەست لە سووربوونی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی هەڵناگرن. دیسان سەرەڕای پیلان و داخوازییەکانی هێزە هەژموونخواز و شەڕخوازەکان، تەنانەت لەژێر هێرشی دەسەڵاتدارانیاندا، گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستاندا هەم هەوڵ دەدات خۆی لە شەڕ و ململانێکان بپارێزێت و هەمیش هەوڵ دەدات ژیانێکی هاوبەش بونیاد بنێت کە ببێتە نموونە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

 ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی دوو ساڵە ئەو شەڕەی کە نیو سەدە لە باکووری کوردستان بەردەوام بوو، بە هیوای بەدیهاتنی ئاشتییەکی بەشکۆ و هەمیشەیی وەستاوە، ئەمە دەرفەتێکی زۆر گرنگە، دەبێت بە وریایی و هەستیارییەکی زۆرەوە سوودی لێ وەربگیرێت، لەم قۆناغەدا، وەک ڕۆشنبیرانی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێگە و دەرگاکانی گفتوگۆ بکرێنەوە، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە هاندانی لایەنە پێویستەکان، چونکە ئێمە لەو باوەڕەداین کە دەبێت سەرجەم کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. ڕەگەزپەرستی و دەوڵەت-نەتەوە سەدەیەکیان بەفیڕۆدا، دەبێت لە سەدەی نوێدا یەکسانی و دیموکراسی سەرکەون. پێویستە سەرجەم ناسنامە نەتەوەیی، کولتووری و ئاینییەکان بتوانن بە ئازادی لەگەڵ یەکتردا بژین. پێویستە ئازادیی ژنان بەدی بێت و دەنگی گەنجان لە هەموو شوێنێکدا بەرز بێتەوە.

هەروەها وتی: گەمارۆی سیاسی و ئایدۆلۆژیی سەر گەلی کورد تێکشکێنراوە، سیاسەتەکانی شەڕ و گۆشەگیریی کە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری قووڵتر دەکەنەوە، چیتر بە هۆشیاری و زمانێکی ڕوونتر لە لایەن زۆرینەی کۆمەڵگەوە ڕەتدەکرێنەوە، تەواوی کۆمەڵگە دەزانێت و دەیسەلمێنێت کە ڕێبەری گەلی کورد، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئەم پرۆسەیەیە، و لایەنەکانی ئەم پرۆسەیەش بە یەکدەنگی، جەنابیان وەک گەورە دانوستانکار پێناسە و دەستنیشان دەکەن. هەر بۆیە ئێمە، داوا لە سەرجەم کەسایەتی، دامەزراوە، ڕێکخراو، دەسەڵاتدار و ئەو لایەنانە دەکەین کە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، دەستبەجێ دەستبەرداری سیاسەتی شەڕ و گۆشەگیری ببن و لە چوارچێوەی یاسا گەردوونییەکان و مافەکانی مرۆڤدا هەنگاوی بنیاتنەر بنێن. دەبێت ڕێگە و دەرگاکانی گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکرێنەوە و گۆشەگیریی کۆتایی پێ بهێنرێت، تاوەکو لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە کێشەکان چارەسەر بکرێن و خواستی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتیی گەلان بەدی بێت. هەروەها بانگەواز ئاراستەی سەرجەم نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەدیبان و بیرمەندانی خۆمان دەکەین کە خۆیان بە بەرپرسیاری ئازادیی کۆمەڵگە، سەرچاوەی دیموکراسی و سیاسەتی دیموکراتیک دەزانن، تاوەکو بە هەستیارییەکی ڕۆشنبیرانەوە دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگمان.


;