کاوە شێخ عەلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لە نووسین و بەدواداچوونێکی نوێدا، دۆسیەی ئەم لێشاوە نوێیەی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان هەڵدایەوە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی یەک لیتر بەنزین لە ٨٠٠ دینارەوە بۆ ١٤٠٠ دینار، کە شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.
ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی بەڵگەنامە و ڕەشنووسە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم کە لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ پێشکەشی بەغداد کرابوون، پێداویستیی ناوخۆییی هەرێم تەنیا ٦٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە؛ لەگەڵ ئەوەی لەو قۆناغەدا بەنزینی بازرگانی بە ٨٠٠ دینار دەدرا بە هاووڵاتیان، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٩٤ ڕۆژ و ڕادەستکردنی زیاتر لە ١٤.٧ ملیۆن بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکان، نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی تەواو بەرز.
ئەم ئەندامەی پەرلەمان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵ لە نوسراوێکدا کە پێشنیاری دابینکردنی سووتەمەنیی ناوخۆی بە نرخی پاڵپشتیکراوی ٤٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک کردبوو، بەڵام بەپێی ڕەشنووسەکان ئەو ڕێگا چارەیە لە لایەن لایەنی کوردییەوە ڕەت کراوەتەوە و تەنیا داوای بەرزکردنەوەی بڕی نەوتەکە لە ٤٦ هەزارەوە بۆ ٥٠ هەزار بەرمیل کراوە و وەک سەرکەوتنیش پیشان دراوە.
ناوبراو پرسیاری جدی ئاڕاستەی دەسەڵاتداران دەکات و دەڵێت: ئەگەر پاڵاوگەکان لە ناوخۆی هەرێمن و نەوتی خاویش هاوردە ناکرێت و تێچووی گومرک لە ئارادا نییە، جگە لە قازانجی بێسنووری کۆمپانیاکان چ هۆکارێکی دیکەی ئابووری بۆ ئەم گرانبوونە هەیە، و ئەو جیاوازییە گەورەیەی نرخ کە لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٩٥٠ دینارە بۆ هەر لیترێک، دەچێتە گیرفانی کام لایەنەوە؟
لەلایەکی دیکەوە، کاوە شێخ عەلی جەخت دەکاتەوە کە ڕەخنەگرتن لە دیارنەمانی داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، گرانبوونی نەوتی سپی و گاز، یان تێچووی بەرزی کارەبا و هاتوچۆ، بە هیچ شێوەیەک دژایەتیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نییە، بەڵکو داواکارییەکی ڕەوایە بۆ بەدەستهێنانی شەفافییەت لە کۆکردنەوە و خەرجکردنی پارەی گشتیدا.
ئەم پەرلەمانتارەی یەکگرتوو داوا دەکات بەرپرسانی حکومی لەبری تۆمەتبارکردنی ڕەخنەگران بە دژایەتیکردنی پڕۆژەکان، بە ژمارە، بەڵگە و ڕاستگۆیی وەڵامی هاووڵاتیان بدەنەوە؛ چونکە حکومەتە سەرکەوتووەکان ڕەخنە وەک دەرفەتی چاکسازی دەبینن نەک هەڕەشە.
