ئیلهام ئەحمەد باس لە مافەكانی گەلی كورد دەکات لە دەستووری نوێی سوریا و دەڵێت، "كار بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ، پێكهێنانی پەرلەمان، داڕشتنی یاساكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكرێت".
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر، لە لێدوانێكدا پیرۆزبایی 14یەمین ساڵیادی شۆڕشی 19ی تەممووزی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد و رایگەیاند، ئەم شۆڕشە لەپێناو دیموكراسی و بەدەستهێنانی دادپەروەری و ئازادی بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی سووریا بووە.
هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئاماژەی بە قۆناغی گواستنەوەی ئێستای سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كرد و وتی، وڵاتەكە لە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەدایە و كار بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ، پێكهێنانی پەرلەمان، داڕشتنی یاساكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكرێت.
هەروەها ڕەخنەی لە ئەدای حكومەتی كاتیی ئێستای سووریا گرت و بەربەستەكانی بە بوونی عەقڵیەتی مەركەزیی ، لاوازیی ئامادەیی ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردان و شێوازی هەڵەی دیاریكردنی ئەندامانی پەرلەمان ناوبرد كە ناتوانێت نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سەرجەم گەلانی سووریا بكات.
