Apora Logo

مەسرور بارزانی داوا لە حزبەکان دەکەم پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت بکەن

مەسرور بارزانی داوا لە حزبەکان دەکەم پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت بکەن

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

19/7/2026

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حزبە سیاسییەکان دەکات پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت بکەن. دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بۆیە نابێت بەبێ بیانوو بکرێتە ئامانج". 


ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا پرۆژەی ئاوی باڵندا - بارزانی کردەوە. ئەم پرۆژە گەورەیە ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ 53 گوندی مێرگەسۆر، خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات. 


سەرۆکوەزیران لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی پرۆژەکە، پاراستنی ژینگە، دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. هەروەها پەیامێکی ئاراستەی پارتە سیاسییەکان کرد بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.


مەسرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە دەربڕی و روونی کردەوە، ساڵی 2013ـەوە بەردی بناخەی پرۆژەکە دانرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و پەتای کۆرۆناوە کارەکانی راگیران، تا لە ساڵی 2022 بڕیاری جێبەجێکردنەوەی درا و بە سەرکەوتوویی تەواو کرا. ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت چەندین پرۆژەی دیکەی هاوشێوەی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ دابینکردنی ئاوی پاک.


سەرۆکوەزیران داوای لە هاووڵاتییان کرد دەست بە ئاوەوە بگرن و زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا نەکەن. هەروەها ستایشی دابونەریتی رەسەنی پاراستنی ژینگەی لە دەڤەری بارزان کرد و هیوای خواست ئەو رەوشتەی پاراستنی ئاژەڵان و پاکڕاگرتنی ژینگە، ببێتە نموونەیەک بۆ سەرانسەری کوردستان. 


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و هیوای خواست هەرێمی کوردستان بەشێک نەبێت لەو شەڕانە. جەختیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ لایەنێک، بۆیە نابێت بەبێ بیانوو بکرێتە ئامانج. 


سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکات. داواشی کرد بەغدا بەبێ جیاوازی دەستوور جێبەجێ بکات و مافەکانی خەڵکی کوردستان بدات، بۆ ئەوەی وڵات بەرەو ئارامیی زیاتر هەنگاو بنێت.


لەبارەی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵکاران لە عێراق، مەسرور بارزانی گوتی "ئەم هەڵمەتەی جەنابی سەرۆكوەزیران لەم دواییانە بۆ بنبڕكردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێکردووە، دەستخۆشی لێ دەكەین و حكوومەتی هەرێم بەشێكی سەرەكی بووە لە پشتیوانیكردن و پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی سەرۆكوەزیران بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە قورسە و هیوادارم تێیدا سەركەوتوو بێت". 


 مەسرور بارزانی دڵگرانیی خۆی لە کارانەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێ نیشان دا. سەرۆکوەزیران داوای لە حزبەکان کرد رێز لە خواستی خەڵک بگرن و بە زووترین کات بچنە پەرلەمان. دووپاتیشی کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان رێزی لە دەنگی خەڵک گرتووە و ئامادەیە، بۆیە داوای کرد لایەنەکانی دیکەش بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی کەسییەوە و رێگە نەدەن پەرلەمان ببێتە بارمتە. 


 

;