ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای وەستانی کێڵگەی کۆرمۆر و بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان، بڕی ١٤٠ تۆن غازی شلی ماڵان لە بەغداوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دوا بە دوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەلایەن کۆمپانیای دانەغازەوە، بە هەوڵی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدراڵ، ڕەزامەندی درا لەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان".
شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا بەشێوەیەکی کردەیی دەست بە هاوردەکردنی ئەو بڕە غازە کراوە. وتیشی: "بەردەوام لەسەر هێڵ دەبین بۆ ئەوەی ئەم بڕە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاد بکرێت، چونکە ئەم بڕەی ئێستا کەمە و بەشی پێداویستییە تەواوەکانی هەرێمی کوردستان ناکات".
