Apora Logo

کەشناسی عێراق هۆشداریی دەدات: سبەی گەرمای بەسرە دەگاتە 51 پلە و تۆز و خۆڵ بەڕێوەیە

کەشناسی عێراق هۆشداریی دەدات: سبەی گەرمای بەسرە دەگاتە 51 پلە و تۆز و خۆڵ بەڕێوەیە

ئاپۆرانیوز-هەواڵ

18/7/2026

دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، شەپۆلێکی گەرمای بەتین ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن، هاوکات خێرایی با زیاد دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ.


عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی ساماڵ دەبێت. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ، بەڵام لە باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە."


جابری هۆشداریی دا کە سبەی یەکشەممە شەپۆلێکی گەرمای تووند ناوچەکە دەگرێتەوە، بەجۆرێک کە لە پارێزگای بەسرە پلەی گەرما دەگاتە 51 پلە، و لە پارێزگاکانی میسان، زیقار و موسەننا دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.


کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە خێرایی با لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست زیاد دەکات و دەگاتە نێوان 40 بۆ 45 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک.


مەودای بینین بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام لە کاتی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵدا بۆ 5 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.


بۆ ناوەڕاستی هەفتە (21 و 22ی تەممووز)، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بە جێگیری بمێننەوە و ئاسمان بە گشتی ساماڵ بێت، تەنیا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نەبێت کە هەندێک پەڵەهەور لە ئاسماندا دەردەکەون.



;