Apora Logo

فوئاد حسێن: فشارێکی زۆر لەسەر عێراق هەیە بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو جەنگ بکرێت

فوئاد حسێن: فشارێکی زۆر لەسەر عێراق هەیە بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو جەنگ بکرێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

18/7/2026

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریی توند لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ تێوەگلانی وڵاتەکەی لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە عێراق زیانی قورسی مرۆیی و دارایی بەرکەوتووە.


فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: "عێراق بە هەموو شێوەیەک دژی درێژەکێشان و فراوانبوونی بازنەی جەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لە هەمان کاتدا فشارێکی زۆر لەسەر بەغداد هەیە بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو ململانێ چەکدارییەکان بکرێت."


وەزیری دەرەوە ئاشکرای کرد کە باجی ئەم ئاڵۆزییانە بۆ عێراق قورس بووە، بە جۆرێک تا ئێستا نزیکەی 200 کەس کوژراون و زیانی ماددی زۆر گەورەش بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیشتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق ڕووبەڕووی پەککەوتن بووەتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری وڵات دروست کردووە.


سەبارەت بە دۆسیەی ناوخۆیی و کۆنترۆڵکردنی چەک، فوئاد حسێن جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی "چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت" و لەم چوارچێوەیەشدا هەنگاوی کرداری نراوە:

 - سێ گرووپی چەکدار بە فەرمی دەستیان کردووە بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت.

 - (کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا)، هێشتا یەکلا نەبووەتەوە و گفتوگۆکان لەگەڵیاندا بۆ ڕادەستکردنی چەک بەردەوامە.


وەزیری دەرەوەی عێراق پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کرد و وتی: "بەغداد دەیەوێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەبێت و هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەو وڵاتانە بە توندی سەرکۆنەی دەکەین." هاوکات ئامادەیی تەواوی عێراقی نیشاندا بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا.


 ئەم لێدوانانەی فوئاد حسێن دوای ئەوە دێن کە لە دوای 28ـی شوبات و دەستپێکردنی گرژییە چڕەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران لە ناو خاکی عێراقەوە زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا. لەو ماوەیەدا چەندین ناوچە لەوانەش هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ کرانە ئامانج، ئەمەش حکومەتی عێراقی خستە ژێر فشارێکی توندی نێودەوڵەتییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە.


;