سێنتکۆم ڕایگەیاند کە هێرشەکان بنکە لۆجیستییەکان و کۆگاکانی چەکی ژێرزەوینی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و گەمارۆیەکی توندی دەریاییش خراوەتە سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) کۆتایهاتنی نوێترین شەپۆلی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگرت، کە بەمەش حەوتەمین شەوی لەسەریەک لە ئۆپەراسیۆنە چڕەکانی دژ بە تاران بەڕێوەچوو. هاوکات جەختی لە بەردەوامیی فشارە سەربازییەکان و گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئەو وڵاتە کردەوە.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان لە کاتژمێر 9:30ی شەو بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا کۆتاییان هاتووە. لەم شەپۆلەدا چەندین شوێنی ستراتیژی کراونەتە ئامانج، لەوانە:
- بنکەکانی چاودێری و سیخوڕی.
- ژێرخانی لۆجیستیی سەربازی.
- کۆگاکانی چەکی ژێرزەوینی.
- توانا و پاشکۆ دەریاییەکانی ئێران.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هێزەکانی ئەمریکا لەم هێرشانەدا فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، کەشتیی جەنگی و چەندین کەرەستەی دیکەی سەربازیی پێشکەوتوویان بەکارهێناوە.
فەرماندەیی ناوەندی جەختیشی کردەوە کە لەسەر ڕێنمایی و فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبن لە لێپرسینەوە و سزادانی ئێران، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی تەواو بەسەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێراندا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سەنتکۆم ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوەیان پێکراوە، هۆشداریشی دا کە سەرجەم ئەو هێزانە لە دۆخی ئامادەباشی تەواودان و بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێکی شەڕکەری دەستبەجێ ڕاسپێردراون.
