Apora Logo

پارێزەرانی سلێمانی: دادوەریی لە هەرێمی کوردستان لە حوکمی یاساوە بۆ گەمەی سیاسی و حزبایەتی

پارێزەرانی سلێمانی: دادوەریی لە هەرێمی کوردستان لە حوکمی یاساوە بۆ گەمەی سیاسی و حزبایەتی

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

16/7/2026


پارێزەران ڕایانگەیاند، دوای تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ دەسەڵاتی دادوەریی وەکو زۆربەی دامەزراوەکانی دیکە بووە بە قوربانی قۆرخکاریی و دابەشکاریی حزبی، کاتی ئەوە هاتووە کە هەرێم ببێتە خاوەنی دەسەڵاتێکی دادوەریی بێلایەن، کە بتوانێت کێشەکان بە یاسا و دوور لە دەستێوەردان و هەژموونی حزبی یەکلایی بکاتەوە.




ئەمڕۆ، لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، دەستەیەک لە پارێزەرانی چالاکوان، یاداشتنامەیەكیان دەربارەی دۆخی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.


لە کۆنگرەکە ڕاگەیەندراوێک لە لایەن پارێزەر توانا عەبدولرەحمان خوێندرایەوەو وتی: دەستووری عیراق جەخت دەکاتەوە لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دەسەڵاتیدادوەریی لە ڕووی کارگێڕیی و داراییەوە، دیارە ئەو سەربەخۆییە دەستوورییەدامەزراوە دادگەرییەکان و دادوەرانیش دەگرێتەوە، لە بەندەکانی ( ٤٧، ٨٧، ٨٨،٩١ ) و چەندین بەندی دیکەدا، بنەمای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی چەسپێنراوە، هەروەها یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستانیش جەخت لە سەربەخۆیی دامەزراوە دادوەرییەکان لە ڕووی کارگێڕیی و دارایی دەکاتەوە، بنەمایەکی گرنگی هەیە کە بریتییە لە سەربەخۆیی و بێلایەنیی دادوەران، لە وڕوانگەیەوە لە بەندەکانی (٢، ٤، ٥، ٣٤، ٣٥، ٥٢) مەرج بۆ بێلایەنیی دادوەران لەڕووی کاری سیاسی و حزبیەوە دانراوە، کارکردنی دادوەران لە کاری سیاسی و حزبیدا قەدەغە کراوە، تەنها دوای دەست لە کارکیشانەوەیان نەبیت.


وتیشی: لە هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ و زیاتر لە ٢٠ ساڵ بەسەر دانانی دەستوری عێراق و یاسای دەسەڵاتیدادوەریی هەرێمی کوردستان، دۆخی ئەو دەسەڵاتە لە خراپترین دۆخیدایە، دامەزراوە باڵاکانی دەسەڵاتی دادوەریی وەکو زۆربەی دامەزراوەکانی دیکە بوون بە قوربانی کۆنترۆڵکردن، قۆرخکردن و دابەشکاریی حزبی، لەئێستادا ئەو دامەزراوانە بوون بە بەشێك لە گەمەی سیاسی، بەو هۆیەشەوە متمانەی خەڵك و تەنانەت خودی دەسەڵاتدارانیشی لەدەست داوە.


ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی حزبی بوونەکە بەجۆرێکە کە لەئیستادا بەشێك لە کارەکانی دادگای پیداچوونەوە پەکیان کەوتووە، بەهۆی مانگرتن و کارنەکردنی بەشێك لە دادوەران، لە ئەنجامدا دەستەکانی دادگاکە نیسابی یاساییان لەدەستداوە وکۆنابنەوە، تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە هەوڵێك بۆ دروستکردنی دادگایەکی پێداچوونەوە و ئەنجوومەنێکی دادوەریی دیکە هەیە.


باسیلەوەشکرد، ئەو پەکخستن و لێکترازانەی ناو دەسەڵاتی دادوەریی، سەلمێنەری ئەوەیە کە چۆن هەرحزبە و بەجۆرێك ئاراستەی دامەزراوەکە و دادوەران دەکات، لایەنێك بە کۆنتڕۆڵکردن و لایەنێکی دیکە بە پەکخستن، حزبێك بە فشار بۆهێنان و حزبێکی دیکە بە هەوڵی لێکترازاندن، ئەو بارودۆخەی کە ئێستا دادگای پێداچوونەوە و ئەنجوومەنی دادوەریی تێکەوتووە ئەنجامیکی چاوەڕوانکراوی ئەو پشکپشکێنە و دابەشکارییەیە، کە لە نێوان هەردوو حزبدا بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە هەیە.


لەکۆتایدا وتیشی: پێویستە هەمووان پاڵپشت بن، بۆ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی دادوەریی لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوە و دووبارە پێکهێنانەوەی ئەنجوومەنی دادوەریی و دادگای پێداچوونەوەی کوردستان، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای دەسەڵاتی دادوەریی، کاتی ئەوە هاتووە کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆو بێلایەن، کە بتوانێت کێشەکانی نێوان هاووڵاتییان و نێوان هەموو لایەنەکان بە بێلایەنانە و بە گوێرەی یاسا و دوور لە دەستێوەردان و هەژموونی حزبیی یەکلاییبکاتەوە.


;