Apora Logo

قۆپیە و قوتابی

قۆپیە و قوتابی
زیرەک کەمالزیرەک کەمال

زیرەک کەمال

16/7/2026



لە ناسکەخانم پرسی: ئەرێ پێم بڵی ئەوە بۆچی ماوەیەکە ماڵی (حەمەدەمین)ی دراوسێمان شەووڕۆژ دەرگا و پەنجەرەی ماڵەوەیان داخستووە و تەنانەت بە شەوانیش گڵۆپی ژوورەوە و حەوشەی ماڵیشیان داناگیرسێت و بە ڕۆژیش پەردەی پەنجەرەیان پێوەداوە؟ ناسکە گوتی: پیاوەکە ئەوە بۆیە وایان کردووە، چونکە ئەم ساڵ قوتابی پۆلی دوازدەیان هەیە. ئەو ڕۆژەش نەسرینی دراوسێم بینی، پێی گوتم: ئیللاوبیللا سوێندم خواردووە دەبی کوڕەکەی منیش کەئێستاپۆلی دوازدەیە ببیتە دختۆر ! ما کوڕی من چی لە کوڕی حەلیمۆکی هەوگیانم کەمترە؟ ڕۆژێکی تر خاتوو ڕەعنای دراوسێم بینی ودوای چاک وخۆشی، لێم پرسی: مات و مەلوول دیاری، خۆ نەخۆش نی؟ گوتی: ناوەڵا شوکر بۆ خوا ساغ و سەلیمم، بەڵام ئەوساڵ قوتابی پۆلی دوازدەمان هەیە و بەردەوام خەریکی نزا و دوعام تاکو نمرەکەی بگاتە ئەو ئاستەی لە کۆلیژی پزیشکی وەربگیرێت، چونکە ئەگەر وانەبێت ماڵمان وێران دەبێت. هەر لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حاجیان، ئامینی ناسیاومان بە ناسکەی گوتبوو: تەلەفۆنم بۆ دوازدە حاجی کردووە، کە لە ماڵی خوا و لە دەورەی بەیت، دوعای ئەوە بۆ (نازەنین)ی کچم بکەن لە تاقیکردنەوەی پۆلی دوازدە نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت و کۆلیژی پزیشکی وەریبگرێت، چونکە ئەگەر وانەبێت کچەکەم عومری بەزایەع دەچێت. چەند ڕۆژێکیش بەرلەوەی وەزارەتی پەروەردە دەرەنجامی نمرەی پۆلی دوازدە ڕابگەیێنێت، سۆفی ڕەحمانی دراوسێمان کە پێشتر جگەرەی بەقل دەکڕی و ئێستا لە سایەی حزب ملیادرێرە، لە بەردەم ماڵی خۆی ئەگەرچی بە بڕیاری حکومەت سەربڕینی ئاژەڵ لە گەڕەک و ماڵ قەدەغەیە، بەڵام گۆلێکی دا بەعەرزاو سەری بڕی و کردیە خێر، بۆ ئەوەی حەمەی کوڕی، کە پۆلی دوازدەیە نمرەی کۆلیژی پزیشکی بەدەست بهێنێت. لێرەدا پرسیارێک ڕووبەڕووی حکومەت و لایەنی پێوەندیدار و هەموو لایەک دەبێتەوە، ئایا دروستکردنی ژینگەیەکی لەم شێوەیە و مامەڵەیەکی ئاوای دایکان و باوکان لەگەڵ قوتابیانی پۆلی دوازدە، چ خزمەتێک بە قوتابی و ڕەوتی پەروەردە دەکات؟ یاخوود پرسیارێکی تر: بۆچی چارەنووسی هەموو قۆناغەکانی خوێندن لە یەک ساڵدا کۆ بکرێتەوە، کە ئەویش ساڵی دوازدەی خوێندنە؟ لەوەش خەراپتر و ترسناکتر، بۆچی دۆخ وهەلومەرجێکی وا دروست کراوە، کە چاوی هەموو کۆمەڵگا بە هەژار و دەوڵەمەندەوە، بە گوندی و شارییەوە، تەنها لەسەر دکتۆریی و کۆلیژی پزیشکیە و سەرجەم کۆلیژەکانی تر بێئەرزش و نابووت کراون؟ بەڕاستی ئەوە پرسیارێکی جددیە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. ڕۆژێکیان لە بەرپرسێکی باڵای پەروەردەم پرسی: بۆچی ڕۆژانی تاقیکردنەوەی پۆلی دوازدە، هێڵی ئەنترنێت دەبڕن؟ پێی گوتم: قوتابی قۆپیەچیمان هەیە! منیش پێم گوت: مامۆستا ئەو کەسەیە لێنەگەڕێت قوتابی قۆپیەبکات، نەک قۆپیە لە قوتابی بگرێت.

;