ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، لە دۆسیەی گەندەڵی پەیوەست بە عەدنان جومەیلی، دەست بەسەر دەیان ملیار دینار و زێڕ و سەدان هەزار دۆلاردا گیرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دۆسیەی تۆمەتباری دەست بەسەرکراو عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان دەست بەسەر بڕە پارەیەکی زۆر و چەند کیلۆ زێڕێکدا گیرا.
دادوەرەکە روونیکردەوە، بەشێک لە پارەکان لای چەند کەسێک بە ئەمانەت دانرابوون، بەشەکەی دیکەش لەناو دیواری چەند خانووێکدا بە شێوەیەکی تۆکمە حەشاردرابوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی گشتی ئەو پارە و زێڕانەی لەم ئۆپراسیۆنەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتیین لە 25 ملیار دیناری عێراقی و 200 هەزار دۆلاری ئەمریکی و چوار کیلۆگرام لە زێڕ و خشڵ.
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبارەکەدا هێشتا بەردەوامن، وەک بەشێک لە رێکارەکانی بەدواداچوون بۆ دەسکەوتەکانی ئەم تاوانە و دەستنیشانکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون.
