Apora Logo

حەسەن کوردی سندووقە ڕەشەکەی گەندەڵی عێراق دەستگیرکرا

حەسەن کوردی سندووقە ڕەشەکەی گەندەڵی عێراق دەستگیرکرا

ئاپۆڕانیوز_هەواڵ

15/7/2026

دەستگیرکردنی پیاوی سێبەری گەندەڵییەکانی نەوت؛ گورزێکی کوشندە بۆ تۆڕە شاراوەکانی عێراق

 لە پەرەسەندنێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) توانی حەسەن عەبدوڵڵا حوسێن، ناسراو بە «حەسەن کوردی»، لە وڵاتی یۆنان دەستبەسەر بکات. دەستگیرکردنی ئەم بازرگانە کە بە «پیاوی سێبەر» دەناسرێت، بە گەورەترین گورز لە تۆڕە شاراوەکانی گەندەڵیی دارایی و نەوت لە عێراق هەژمار دەکرێت و پێشبینی دەکرێت دەرگای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ بۆ ئاشکراکردنی بەشدارانی دیکەی ئەم تۆڕە بکاتەوە.

ڕادەستکردنەوە بۆ بەغدا

بەپێی زانیارییەکانی «شبكة اخبار العراق»، حەسەن کوردی دوای دەستبەسەرکردنی لە یۆنان، ڕەوانەی ئوردن کراوە. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە بۆ ڕادەستکردنەوەی ناوبراو بە دەسەڵاتدارانی عێراق دێت، تا لەسەر دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی لە کەرتی نەوتدا ڕووبەڕووی دادگای فیدراڵی بکرێتەوە.


کێیە حەسەن کوردی؟

حەسەن کوردی (لەدایکبووی ١٩٩٢ی هەولێر)، سەرەڕای تەمەنی گەنجی، لە ماوەیەکی کەمدا توانی ببێتە یەکێک لە بەهێزترین بازرگانەکانی پشتی پەردە لە وەزارەتی نەوت. ناوبراو بە باڵی دارایی و نێوەندگیریی سەرەکیی «عەدنان جومەیلی»، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت، هەژمار دەکرێت.


تۆمەتەکان و قەبارەی گەندەڵییەکان

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە حەسەن کوردی لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەم شێوەیە کارەکانی ڕاپەڕاندووە:

تاڵانکردنی پاڵاوگەی بێجی: لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی وەزارەتی پیشەسازییەوە، گرێبەستە گەورەکانی پاڵاوگەی بێجی بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ کۆمپانیا ئەهلییەکانی خۆی گواستووەتەوە، کە بەهای دارایی ئەو گرێبەستانە نزیکەی ١٥ ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.


هەڵاتن: دوای ئەوەی لە 30ی ئایاری 2026 عەدنان جومەیلی دەستگیرکرا، حەسەن کوردی بە یاوەریی براکەی (محەممەد) و بە هەڵگرتنی بڕی 500 ملیۆن دۆلاری قاچاخ، سەرەتا هەڵاتنە فەڕەنسا و دواتر ڕوویان لە یۆنان کرد، هەر بۆیەش فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەرچوو.


تۆڕی عەمولە و سیاسەت: هەرچەندە هیچ پۆستێکی فەرمی نەبووە، بەڵام سەرپەرشتیاری تۆڕێکی فراوانی «عەمولە» و دابەشکردنی پارەی بەخشین بووە بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی چەندین کەسایەتی سیاسی و حیزبی دیار.


پەیوەندی بە دۆسیەی جومەیلییەوە

دەستگیرکردنی حەسەن کوردی بەشێکە لە زنجیرە کاریگەرییەکانی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، کە لە ٣٠ی ئایاری 2026 بە فەرمانی دەستەی دەستپاکی دەستگیرکرا. لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ جومەیلی بەردەوامن و بەپێی زانیارییەکان، لە 28ی حوزەیرانی 2026ەوە بەهۆی دانپێدانانەکانی، ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و ئەندامانی پەرلەمان دەستگیرکراون یان ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر.

چاوەڕوان دەکرێت گەڕانەوەی حەسەن کوردی بۆ عێراق، وەک «سندوقی ڕەش»ی گەندەڵییەکانی وەزارەتی نەوت، ناوی زیاتری بەرپرسانی باڵا ئاشکرا بکات.


;