سوپای ئەمریکا دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەند ئامانجێکی ناوخۆی ئێران ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی گرژییەکی بێپێشینەدایە کە مەترسی لەسەر لێک تێگەیشتنەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند:
"بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا (10:00 بەکاتی گرێنج)، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە. ئامانجی ئەم هێرشانە بەردەوامبوونی لاوازکردنی ئەو توانایە سەربازییانەیە کە هێزەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاری دەهێنن."
دواتر سێنتکۆم کۆتاییهاتنی ئەم خولە نوێیەی هێرشەکانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە دەیان ئامانجی سەربازییان لە نزیک گەرووی هورمز و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران پێکاوە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئێران ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، 7 ئەندامی سوپا کوژراون، بەپێی بەیاننامەکەی سوپای ئێران:
سوپای ئەمریکا 13 مووشەکی ئاراستەی سەربازگەیەک لە نزیک شاری "ئێرانشەهر" (1500 کیلۆمەتر دوور لە تاران) کردووە و بووەتە هۆی کوژرانی ئەو 7 سەربازە.
هێرشەکان شاری کەناراوی بوشەهریشیان گرتووەتەوە (کە تاکە وێستگەی ئەتۆمی ئێرانی لێیە). محەممەد موزەفەری، پارێزگاری بوشەهر ڕایگەیاند: "دوژمنی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر سێ شوێن لە بوشەهر."
حسێن کیرمانپور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە نوێترین خولی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا، زیاتر لە 260 کەس بریندار بوون، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە بەرزترین ڕێژەی برینداربووانە لەوەتەی دەستپێکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتۆن و تاران.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و ڕایگەیاند:"ئەگەر ئێران ڕێککەوتن واژۆ نەکات، هەفتەی داهاتوو هێرشەکان فراوانتر دەکەین بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکان. هەفتەی داهاتوو دەبێتە هەفتەیەکی زۆر خراپ بۆ ئەوان."
