ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری فەرمی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو (2026) ڕاگەیاند. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لەو مانگەدا زیاتر لە 6,000 خێزان هەڵوەشاونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە وڵاتدا.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە (15ی تەممووزی 2026) بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەسەرانسەری عێراق (بەبێ هەرێمی کوردستان) 28,085 گرێبەستی هاوسەرگیری واژۆکراون، بەڵام لە بەرامبەردا 6,250 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون؛ ئەمەش واتە بە تێکڕا لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی 9 جیابوونەوە ڕوویانداوە.
پارێزگای بەغدا بە هەردوو بەری کەرخ و ڕەسافەوە، لە هەردوو ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا لە پلەی یەکەمدایە:
1. هاوسەرگیری: لە بەغدا 7,478 گرێبەست تۆمارکراون (4,172 لە ڕەسافە و 3,306 لە کەرخ).
2. جیابوونەوە: لە هەمان مانگدا 2,450 حاڵەتی جیابوونەوە لە بەغدا تۆمارکراون (1,310 لە ڕەسافە و 1,140 لە کەرخ).
دوای بەغدا، پارێزگای نەینەوا بە تۆمارکردنی 2,907 گرێبەست لە پلەی دووەمی زۆرترین ڕێژەی هاوسەرگیریدایە، بەڵام لە ڕووی جیابوونەوەوە پارێزگای بەسرە بە 626 حاڵەت لە پلەی دووەمدایە.
لە بەرامبەردا، پارێزگای موسەننا کەمترین ڕێژەی چالاکیی دادگاکانی تێدا تۆمارکراوە:
1. کەمترین هاوسەرگیری: لە موسەننا تەنیا 621 گرێبەست بووە.
2. کەمترین جیابوونەوە: هەر لە موسەننا تەنیا 108 حاڵەت تۆمارکراوە، بە دوای ئەویشدا پارێزگای واست دێت بە 117 حاڵەت.
ئامارەکانی کەرکووک و نەینەوا لە مانگی حوزەیراندا بەم شێوەیە بوون:
کەرکووک: 1,303 هاوسەرگیری لە بەرامبەر 221 جیابوونەوە.
نەینەوا: 2,907 هاوسەرگیری لە بەرامبەر 572 جیابوونەوە.
شایەنی باسە ئەم ئامارانە تەنیا ئەو دادگایانە دەگرێتەوە کە سەر بە حکومەتی فیدراڵیی عێراقن و ئامارەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستانی تێنەکراوە.
