ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزین کرد، ئەمەش بەهۆی شەپۆلێکی قازانجبردن لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە پاش تێپەڕبوونی ڕۆژێک بەسەر بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی. هاوکات، هەڵکشانی نرخی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، ترسی نوێی لە هەڵاوسان دروستکردووە و بووەتە هۆی تەمومژاویبوونی ئایندەی سووڕی سووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
بەپێی دواین مامەڵەکان نرخی زێڕ بە ڕێژەی 0.5% دابەزی و گەیشتە 4,028.9 بۆ هەر ئۆنسەیەک.
نرخی ئێستای زێڕ لە هەرێمی کوردستان:
زێڕی عەیار 18 = 750,503 دینار
زێڕی عەیار 21 = 875,651 دینار
زێڕی عەیار 24 = 1,001,030دینار
هاوکات زیو بە ڕێژەی 0.3% دابەزی و گەیشتە 58.45 بۆ هەر ئۆنسەیەک.
جێی ئاماژەیە، دوێنێ سێشەممە نرخی زێڕ بە ڕێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە و گەیشتبووە نێزیکەی $4,100.49 بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی حوزەیران.
سەرەڕای داتا ئەرێنییەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا، بەڵام بازاڕی زێڕ نەیتوانی پارێزگاری لە بەرزبوونەوەکانی بکات، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک. ئەم گۆڕانکارییەش دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا و هۆشداریدان لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە.
کیلڤین وونگ، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە کۆمپانیای "ئواندا" لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "بازاڕ لە ئێستادا چاوی لەسەر داتا کۆنەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا نەماوە، بەڵکو تەواوی سەرنجەکان لەسەر توندکردنەوەی گەمارۆی دەریاییە لە گەرووی هورمز؛ ئەمەش نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە و زێڕی خستووەتە ژێر فشارێکی بەردەوامەوە."
بەرزبوونەوەی نرخی خاو بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی زیاتربوونی ترسی هەڵاوسان لە جیهاندا. ئەمەش ڕەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا (Federal Reserve) ناچار بکات ڕێژەی سووی بانکی بۆ ماوەیەکی درێژتر بە بەرزی بهێڵێتەوە. هێشتنەوەی سووی بانکی بە بەرزی، سەرنجڕاکێشیی زێڕ کەم دەکاتەوە، چونکە وەبەرهێنەران ڕوودەکەنە ئەو کەرتانەی کە سوودی ڕاستەوخۆیان هەیە.
