وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت: زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوى عێراقیان لە مین پاککردووەتەوە، لە ئێستادا تەنیا دوو هەزار و ٧٣٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەی ماوەتەوە پاکبکرێتەوە، هەروەها لە دوای ٢٠٠٣ـوە، زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس بەهۆى مینەوە بوونەتە قوربانى.
مستەفا حەمید مەجید، بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مینی سەر بە وەزارەتی ژینگە سەبارەت بە ڕێژەى ئەو زەوییانەى لە مین پاککراونەتەوە تا ئێستا، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.
مستەفا حەمید ڕایگەیاند، تەواوی ئەو ڕووبەرەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـوە، کە بە مین و پاشماوەی جەنگی پیس ببوو، نزیکەی شەش هەزار و ٧٩٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە، زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوى عێراقیان لە مین پاککردووەتەوە، لە ئێستاشدا تەنیا دوو هەزار و ٧٣٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەی ماوەتەوە پاکبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی نیوەی ئەو ڕووبەرەی ماون کە پیسبوون بە مین، دەکەونە پارێزگای بەسرە، هەروەها ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان بڵاوکراونەتەوە ناڕاستن؛ چونکە ئەو ژمارەیەی لەلایەن فەرمانگەکەیانەوە پەسەندکراوە و تۆمارە ٣٥ هەزار و ٤١٣ قوربانییە، نەک ٥٠ هەزار هاوشێوەی ئەوەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی گرێبەستی فەرمانگەی کاروباری مین لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی یان بیانییەکان دەکەن ناڕاستن، چونکە فەرمانگەکەیان هیچ گرێبەستێک واژۆ ناکات، بەڵکو تەنیا ئەرکی سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی کارەکانی لادان و پاککردنەوەی لەسەر شانە بەپێی پێوەرە پەسەندکراوەکان، لە کاتێکدا لایەنەکانى وەک وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و گواستنەوە خۆیان ڕاستەوخۆ گرێبەستەکان ئەنجام دەدەن.
جێگەى ئاماژەیە، سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆى مەترس بوونى مینەوە بەکارناهێنرێن بۆ کشتوکاڵکردن، هەروەها ئەو مینانە مەترسیان بۆ سەر هاوڵاتیان و جوتیارانیش درووست کردووە.
