یارییەکانی مۆندیالی 2026 بەردەوامی هەیە و ئەمشەو قۆناغی پێش کۆتایی بە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئیسپانیا دەستپێدەکات.
یارییەکە لە کاتژمێر 10 لە یاریگای ئارلینگتۆن لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت کە 70 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت بە ناوبژیوانی ستافێکی سلڤادۆری بە سەرپەرشتی ئیڤان بارتۆن.
فەرەنسا لەم مۆندیالەدا تا ئێستا شەش یاریی ئەنجامداوە و لە سەرجەمیاندا بردنەوەی بەدەستهێناوە، 16 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها دوو گۆڵی لێ تۆمارکراوە.
هەڵژاردەی کەڵەشێرکان لە قۆناغی رابردوودا توانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە مەغریب بباتەوە و بگات بە قۆناغی پێش کۆتایی.
لە بەرامبەردا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەم مۆندیالەدا لە کۆی شەش یاریی پێنج بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، 11 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها یەک گۆڵی لێکراوە، لە قۆناغی رابردووشدا لە بەلجیکای بردەوە.
ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە مێژوودا، 38 جار رووبەرووی یەکبونەتەوە، ئیسپانیا لە 18 یارییدا براوە بووە و 71 گۆڵی کردووە بەرامبەر 13 بردنەوەی فەرەنسا کە 44 گۆڵی کردووە، لە حەوت یارییشدا یەکسانبوون.
براوەی ئەم یارییە لە یاریی کۆتاییدا رووبەرووی براوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئینگلتەرا دەبێتەوە کە سبەینێ بەڕێوەدەچێت، دۆڕاویشیان یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم دەکات.
