Apora Logo

بە تۆمەتی گەندەڵی شەش فەرمانبەر لە گومرگی دارەمان دەستگیرکران

بە تۆمەتی گەندەڵی شەش فەرمانبەر لە گومرگی دارەمان دەستگیرکران

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

14/7/2026

بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل و رێگریکردن لە مامەڵەی هاووڵاتییان، شەش فەرمانبەری گومرگی "دارمان" لە نێوان کەرکوک و هەولێر دەستگیرکران.

دەستەی دەسپاکی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک و لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەر جێبەجێ کراوە، دوای ئەوەی بەڵگەی پێویست لەسەر تێوەگلانی ئەو فەرمانبەرانە لە کاروباری نایاسایی و پێشێلکردنی ئەرکە حکومییەکانیان کۆکرایەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی دەستپاکی، تۆمەتبارەکان بە شێوازی جۆراوجۆر فشاریان خستووەتە سەر هاووڵاتییان و بازرگانان، بە ئەنقەست رێگرییان لە راپەڕاندنی مامەڵە گومرگییە یاساییەکانیان کردووە و دواخستوویانە، بە مەبەستی ئەوەی ناچاریان بکەن بەرتیل و سەرانەیان پێ بدەن.

دەستەکە جەختیشیکردەوە، سەرجەم تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بەپێی بڕیاری یاسایی ژمارە 160ـی ساڵی 1983 رووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراونەتەوە، تا رێوشوێنی توندی یاساییان لەبەرانبەردا بگیرێتەبەر.


;