وردەکارییەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕێکارەکانی ناردنی ٨٤١ ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، پێشبینی دەکرێت سبەی وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچە ڕابگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا بەغدا زیاتر لە ٩٥٠ ملیار دینار بنێرێت، بەڵام بڕە پەسەندکراوەکە کەمترە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەرێم هیچ بڕە پارەیەکی وەک داهات ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە پارەی نێردراوی بەغدا هەیە، پێویستە حکومەتی هەرێم پشت بە داهاتی ناوخۆ ببەستێت. بەم پێیەش، ئەگەر سبەی لیستەکان ڕابگەیەندرێن، ئەوا دابەشکردنی مووچە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست پێ دەکات، بەڵام پێناچێت پرۆسەکە تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا کۆتایی بێت.
سەبارەت بە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، گرفتێکی بەرچاو هەیە، چونکە مووچەی ئەم توێژە لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت. بەم هۆیەوە، ئەولەویەت بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەبێت و دابەشکردنی مووچەی گرێبەستەکان دەکەوێتە کاتێکی دواوەتر.
