حکومەتی تورکیا بە فەرمی دوایین هیوای یاسایی خۆی لەدەستدا بۆ ڕزگاربوون لەو سزا نێودەوڵەتییە زەبەلاحەی کە بەهۆی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەسەریدا سەپێندرابوو. دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس تانەکەی ئەنقەرەی ڕەتکردەوە و بڕیاری کۆتاییدا کە دەبێت تورکیا بڕی نزیکەی ملیارێک و نیو دۆلار وەک قەرەبوو بداتە حکومەتی عێراق.
ئەم پێشهاتە کاتێک ئاشکرابوو کە دەنیز یۆڤوز یەڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (CHP) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاوکردەوە.
یەڵماز ڕایگەیاند کە ئەنقەرە کەیسێکی یاسایی یەکلاکەرەوە و گرنگی نێودەوڵەتی دۆڕاندووە کە تایبەت بووە بە ڕێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا.
ئەو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆن ئاماژەی بەوەش کردووە:
سەرجەم هەوڵە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی حکومەتی ئاکەپە (پارتی داد و گەشەپێدان) بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پێشووی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بێئەنجام بوون.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی دادگای پاریس، ئێستا پێویستە تورکیا بڕی (1ملیار و 471 ملیۆن دۆلار) بە فەرمی وەک غەرامە ڕادەستی عێراق بکات.
دەنیز یۆڤوز یەڵماز لە پەیامەکەیدا بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند:"ئەم زیانە داراییە زەبەلاحە کە بەسەر وڵاتدا هاتووە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی بڕیارە نادروست و نایاساییەکانی حکومەتی ئاکەپەیە."
ناوبراو داوایەکی توندی ئاڕاستەی ناوەندە پێوەندیدارەکان کرد و جەختی لەوە جەختی کردەوە کە نابێت ئەم پارەیە لە بودجەی گشتی و لە گیرفانی هاووڵاتیانی تورکیا بدرێت، بەڵکو پێویستە بڕی پێبژاردنەکە لە سامانی تایبەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان (سەرۆک کۆمار) و ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئاکەپە وەربگیرێت کە تێوەگلاون لەم دۆسیەیەدا.
سەرهەڵدانی ئەم کێشە یاساییە ئاڵۆزە بۆ ساڵانی نێوان 2014 تا 2018 دەگەڕێتەوە. لەو ماوەیەدا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لێکۆڵینەوەی لە سکاڵاکەی عێراق کرد و چەند ڕاستییەکمان بۆ دەرکەوت:
1. تورکیا بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی فەرمی حکومەتی ناوەندی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستووەتەوە و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە باری کردووە.
2. تورکیا نەوتەکەی بە نرخێکی زۆر کەمتر لە نرخی فەرمی بازاڕی عێراق فرۆشتووە.
ئەم پێشێلکارییانە بوونە هۆکاری سەرەکی کە دادگاکە بڕیاری سزادانی دارایی ئەنقەرە بدات، و لە ئێستاشدا بە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس، کەیسەکە بە تەواوی کۆتایی پێهات و بڕیارەکە بوو بە بنبڕ و جێبەجێکراو.
