دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە لیندسی گراهام، سێناتۆری ناسراو و دیاری ئەمریکا و دۆستی گەلی کورد، لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد ڕۆژنامەی "نیۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکیدا هۆکاری گیانلەدەستدانی بۆ توشبوونی بە حاڵەتێکی کتوپڕ و مەترسیداری پزیشکی بە ناوی "دڕانی شاخوێنەر" (Aortic Dissection)، گەڕاندەوە کە تێیدا سەرەکیترین خوێنبەری جەستە کە خوێن لە دڵەوە بۆ بەشەکانی دیکە دەگوازێتەوە تووشی دڕان دەبێت.
دڕانی شاخوێنەر چییە و بۆچی هێندە کوشندەیە؟
دڕانی شاخوێنەر بە یەکێک لە کتوپڕترین و مەترسیدارترین حاڵەتە پزیشکییەکان دادەنرێت. لەم بارەیەوە، دکتۆر مایکڵ ماک، نەشتەرگەری دڵ و سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی "بایلۆر سکۆت ئەند وایت هێڵس" لە دالاس، بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ڕاگەیاندووە: "تەنها نزیکەی 50%ـی توشبووانی ئەم حاڵەتە دەگەنە نەخۆشخانە بە زیندوویی، لەو ڕێژەیەش تەنها نیوەیان دوای وەرگرتنی چارەسەر ڕزگاریان دەبێت."
ئەم پزیشکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کاتێک کەسێک کە پێشتر تەندروستی باش بووە و بە شێوەیەکی لەناوخۆ کۆچی دوایی دەکات، ئەم حاڵەتە یەکەم شتە کە دێتە مێشکی پزیشکانەوە.
حاڵەتەکە چۆن ڕوودەدات؟
دکتۆرە کیندرا گروپ، نەشتەرگەری دڵی ئەمریکی، ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر سروشتی ئەم نەخۆشییە دەدات و دەڵێت: دیواری شاخوێنبەر لە سێ چینی سەرەکی پێکهاتووەو کێشەکە لە چینی ناوەوە ڕوودەدات و دەدڕێت، ئەمەش ڕێگە دەدات خوێن بچێتە نێوان چینەکانی ئەم دەمارە لولەییە، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و خێرا مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست دەکات.
هۆکار و نیشانە سەرەکییەکان
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە زۆرجار بوونی فراوانبوونێکی شاراوەی شاخوێنەرە (Aortic Aneurysm)، کە وەک بالۆنێک لە ناو دەمارەکەدا دەئاوسێت. ئەم ئاوسانەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دروست دەبێت، وەک:
1. بەرزیی فشاری خوێن.
2. ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.
3. هەندێک نەخۆشیی بۆماوەیی دەگمەن کە تووشی دڵ و دەمارەکان دەبن.
نیشانەکانی
نەخۆشەکان ئازاری ئەم حاڵەتە بە توندترین شێوە وەسف دەکەن؛ ئازارەکە لە سنگەوە دەستپێدەکات و بە خێرایی بۆ پشت درێژ دەبێتەوە، بە جۆرێک وەک ئەوە وایە "خەنجەرێک لە دڵت بدرێت".
شێوازی چارەسەرکردن
چارەسەری پزیشکی بەپێی شوێنی دڕانەکە لە شاخوێنەرەکەدا دەگۆڕێت و دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر:
1. ئەگەر دڕانەکە لە مێشکەوە دوور بێت دەکرێت لە ڕێگەی قەستەرەوە لە ڕانەوە بۆ شاخوێنەرەکە بچن و بە بەکارهێنانی ماددەیەکی تایبەت، شوێنی دڕانەکە دابخەن و چاکی بکەنەوە.
2. ئەگەر دڕانەکە لەو بەشەدا بێت کە خوێن بۆ مێشک دەبات ئەمەیان حاڵەتێکی ئێجگار فریاگوزارییە و پێویستی بە نەشتەرگەری دڵی کراوە هەیە بە شێوەیەکی بەپەلە، کە تێیدا بەشە دڕاوەکە لادەبرێت و پارچەیەکی دەستکرد لە شوێنی جێگیر دەکرێت.
