ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئەندامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن "له ڕووی کردارییەوە کۆتایی هاتووە". بەقایی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە ماوەیەکی کورتدا چەندین بەندی ئەو یاداشتە 14 بەندییەی پێشێل کردووە و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە هەمان شێوە و بەپێی پابەندبوونی لایەنی بەرامبەر مامەڵە دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە سەرەتای قسەکانی بە سوپاسکردنی گەلی عێراق دەستپێکرد بۆ بەشداریکردنیان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئێران، و ڕایگەیاند: "تاران داواکارییەکانی گەلی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی خامنەیی لەبەرچاو دەگرێت و خستوویەتییە ناو بەرنامەی کاری خۆیەوە."
سەبارەت بە دۆخی سەربازی ناوچەکە، بەقایی ڕایگەیاند کە هیچ کام لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا لە "بانکی ئامانجەکانی ئێران" بەدەر نەکراون، و وتی: "هەر ناوچەیەک یان خاکی هەر وڵاتێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، بە ئامانجی ڕەوای ڕێکارە بەرگرییەکانی ئێمە دادەنرێت."
هاوکات ئاماژەی بە دانوستانەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کرد لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز. ئەو ڕەخنەی لە بەیاننامەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا) گرت و جەختی کردەوە کە ئێران ڕێگە نادات ئەمریکا یان ئیسرائیل گەرووی هورمز بۆ زیانگەیاندن بە تاران بەکاربهێنن، بەڵام لە هەمان کاتدا کار دەکەن بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە نەشێوێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەردان و چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەقایی بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ئێران ڕێگە نادات بە ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، بگاتە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی.
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی کردە سەر لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، و بە "ناڕاست" وەسفی کردن. بەقایی داوای لە ئەنقەرە کرد کە خۆی بەدوور بگرێت لەو بابەتانەی کە پاساو بۆ سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل دەهێننەوە و داوای ڕوونکردنەوەی فەرمی لە بەرپرسانی تورکیا کرد.
